یەکێتیی زانایان: فێڵکردن لە خەڵک بەناوی بلاک فرایدەی حەرامە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەو کەسەی فێڵ لە کوالێتی و بڕی کاڵاکانی بکات و لە بلاک فرایدەی بیفرۆشێتەوە، حەرامە."
 
بلاک فرایدەی یان "هەینیی رەش"، گەورەترین رۆژی بازاڕکردن و داشکاندنە لە جیهاندا، تێیدا کۆمپانیاکان، براندە جیهانییەکان و بازاڕەکانی ئۆنڵاین داشکاندنی گەورە بۆ کاڵاکانیان دەکەن، خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی ئەم رۆژە دەکەن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانیان بە نرخی هەرزان بکڕن.
 
رۆژی شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە بلاک فرایدەی و بە بازاڕکردنی کاڵا و شتومەک بە ئۆفەری تایبەت و داشکاندن لە نرخ، شتێکی ئاساییە ئەگەر بە شێوەیەکی یاسایی و کوالێتی و بێ فێڵ بکرێت، بەپێی رێسای فیقهی ئیسلامی، پێویستە کڕیار و فرۆشیار بە راستگۆیی مامەڵە بکەن و وەسف و نرخی کاڵاکە دیار بێت، بەڵام هەر فێڵ و غەشێک رووبدات، ئەوە لە روانگەی ئیسلامەوە رێگەپێدراو نییە".
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێت: "ئەوەی لە بلاک فرایدەی باس دەکرێت، ئەو داشکاندنەیە کڕیاران چاوەڕوانی دەکەن و روو دەکەنە ئەو بازاڕە بۆ ئەوەی بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ دەستیان بکەوێت، بەڵام بەشێک لەوانەی شتەکانیان لە بلاک فرایدەی نمایش و بە بازاڕ دەکەن، داشکاندن ناکەن و فێڵ و درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن، واتە، ئەو نرخەی گوایە داشکاندنی بۆ کراوە راست نییە و لە بازاڕ هەمان نرخە. ئەگەر وابێ ئەو کەسە گوناهبارە و درۆ و فێڵی کردووە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو فەرموودەیەیە کە دەفەرمووێت: (من غشنا فلیس منا)".
 
لە هەرێمی کوردستانیش لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە مۆڵ و براندەکان لەم رۆژەدا داشکاندن رادەگەیێنن. د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی دەڵێت: "ئەگەر کەسێک فێڵ لە خەڵک بکات و شتێک بە ناوی براند بفرۆشێت و ساختە بێت، یان فرت و فێڵ لە خودی کەل و پەل و کاڵاکە لەڕووی چەند و چۆنایەتی بکات بە ناوی بلاک فرایدەی، ئەوا مامەڵەکە دەچێتە چوارچێوەی حەرامەوە".
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتیشی: "لە هەر بۆنەیەکدا هاوشێوەی بلاک فرایدەی، بازاڕێکی گشتی و هەرزانکردنی کاڵا و شتومەک بۆ خەڵکی پێشکێش بکرێت، شایەنی دەستخۆشی و سوپاسە".
 
بۆچی پێی دەگوترێت "هەینیی رەش"؟
 
بۆ ئەم بابەتە چەند هۆکارێک باس دەکرێن، بەڵام ئەوەی زۆر بەربڵاوە ئەوەیە لە ژمێریاریدا، کاتێک فرۆشگە زیان دەکات بە رەنگی "سوور" دەینووسن، بەڵام کاتێک قازانج دەکات بە رەنگی "رەش" دەینووسن. لەبەر ئەوەی لەم رۆژەدا فرۆشگەکان زۆرترین قازانج دەکەن، پێی دەگوترێت "هەینیی رەش".
 
کەی بلاک فرایدەی دەکرێت؟
 
هەموو ساڵێک، دەکەوێتە دوایین هەینی مانگی تشرینی دووەم (28ـی ئەم مانگە). بنەڕەتەکەی لە ئەمریکاوە سەری هەڵداوە (رۆژی دوای جەژنی سوپاسگوزاری)، بەڵام ئێستا بووەتە بازاڕێکی گەورەی جیهان و فرۆشتنی کاڵا لە سەرانسەری جیهاندا.