دووکەڵەکەی شەوی رابردووی چوارقوڕنە سووتاندنی پاشماوەی کشتوکاڵی بووە نەک کارگە
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە ناحیەی چوارقوڕنەی سنووری ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی ئاگرکردنەوە دووکەڵێکی سپی ئاسمانی ناحیەکەی تەنی بوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دووکەڵەکە بەهۆی سووتاندنی پاشماوەی کشتوکاڵی بووە لە گۆڕەپانی کارگەیەکی بلۆکدا و پۆلیسیش رێکاری بەرامبەر رووداوەکە گرتووەتەبەر.
ئاودێر محەممەد رەسووڵ، سەرۆکی شارەوانیی چوارقوڕنە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەوێ ناوچەیەکی کشتوکاڵییە. بەهۆی ئەوەی پاشماوەی کونجی و کوڵەبەڕۆژە لە گۆڕەپانێکی چۆڵی کارگەیەکی بلۆک هەبووە، شەوی رابردوو ئاگری تێبەردراوە و بووەتەهۆی ئەوەی دووکەڵێکی سپی هەبێت".
سەرۆکی شارەوانی جەختی لەوە کردەوە، دووکەڵەکە پاشماوەی کشتوکاڵی بووە نەک پلاستیک یان کارگەیەکی پیشەسازی و هەر شەوی رابردوو لەکاتی رووداوەکەدا تیمەکانی بەرگری شارستانی چونەتە شوێنی رووداوەکە و پۆلیسیش لەسەر هەمان رووداو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە.
ئاودێر محەممەد رەسووڵ ئاشکراشی کرد، دوای رووداوەکە پۆلیس ئاگاداری خاوەن کارگەکەی کردووەتەوە کە رۆژی یەکشەممە 23-11-2025 سەردانی بنکەی پۆلیس بکات، ئەوانەی کە ئاگرەکەیان کردووەتەوە، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."