لەسەر لاساییکردنەوەی مامۆستایەک، پەروەردەی سلێمانی داوای رێکاری یاسایی بەرامبەر خێزانێک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر لاساییکردنەوەی مامۆستایەک، پەروەردەی سلێـمانی خێزانی قوتابییەک دەداتە دادگە، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: "رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو قوتابییە و خێزانەکەی بگیرێتەبەر.''
لە دوو رۆژی رابردوودا، گرتەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، تێیدا قوتابییەکی کچ لە قۆناخی بنەڕەتی لاسایی مامۆستای کۆمەڵایەتیی دەکاتەوە و دەڵێت: "مامۆستای کۆمەڵایەتیمان ئەوەندە لووتی بەرزە،" جووڵە بە دەست و چاوی دەکات و دەنگی خۆی وەکو هی مامۆستاکەی لێدەکات و دەڵێت: "ئەوە لە بەکالۆری دەست و خەتتان ئاوابێ سفر دێنن، داوەشێن بۆ ناخوێنن."
ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چەندین مامۆستا و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هێنایە دەنگ و بە و ناوزڕاندن بە مامۆستاکە ناویان برد.
رۆژی شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەبارە گرتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەداخەوە ئەمە دیاردەیەکی ناشیرینە و لەڕووی دەروونییەوە کاردانەوەیەکی خراپی لەسەر کۆی مامۆستایان دەبێت."
نەژاد عەبدوڵڵا دەڵێت: "بەپێی بەندی 52 و 53 لە سیستمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و خوێندنگە ئامادەییەکانی ساڵی 2009، دەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو خوێندکارە بگیرێتەبەر و تێبگەیێنرێت، نابێت بەم شێوازە هەڵسوکەوت لەگەڵ مامۆستا بکرێت و بڵاوبکرێتەوە."
سەبارەت بە خێزانەکەشی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: "ئەگەر مامۆستاکە سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات، ئەوە ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی گرتووە و بڵاویکردووەتەوە، هەروەها بەخێوکەری قوتابییەکەیە، رەوانەی دەدرێنە دادگە، بەپێی مادەی 2ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت."