کارکردن لە نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی باشیک وەستاوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی باشیک لە سنووری پارێزگای نەینەوا وەستاوە و بەڵێندەرەکەش داوای ملیارێک و 600 ملیۆن دینار دەکات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری دەرچووی هەڵبژاردنی 2025، ئەمڕۆ شەممە (22-11-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی تەرخاننەکردنی پارەی کاش لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کارکردن لە نەخۆشخانەی باشیک راگیراوە."
بە گوتەی شێروان دووبەردانی، وەزارەتی دارایی عێراق پاساوی بۆ خەرجنەکردنی پارەکە ئەوەیە کە "پارەی کاشی لەبەردەست نییە"، ئەم هۆکارەش وایکردووە بەڵێندەرەکە بە ناچاری کارەکانی رابگرێت.
• قەبارەی پرۆژەکە: نەخۆشخانەکە 100 قەرەوێڵەییە.
• رێژەی ئەنجامدراو: تاوەکو ئێستا نزیکەی 40%ی کارەکانی تەواو بووە.
• بڕی قەرزەکە: بەڵێندەرەکە سێ "سولفە"ی پرۆژەکەی وەرنەگرتووە کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە نزیکەی 1 ملیار و 600 ملیۆن دینار.