68 پڕۆژە لە سنووری گەرمیان بە تەواونەکراوی ماونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە کوڵەجۆ لە سنووری گەرمیان کە لە ساڵی 2013ـەوە دەست بە دروستکردنی کراوە و، 90٪ـی کارەکانی تەواوبووە، ماوەیەکە راگیراوە. بەڵێندەری پڕۆژەکە دەڵێت، 400 ملیۆن دیناری لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکەیش پێویستی بە 250 ملیۆن دیناری دیکەیە.
عوسمان مەحموود، بەڵێندەری پڕۆژەکە بە رووداوی گوت، "ئێستا دەستمان بەستراوە لەم پڕۆژەیە، ناتوانین هیچ بکەین، چونکە پارەیەکی زۆرمان لەناو ئەم پڕۆژەیە هەیە، ئێستا دێمەوە بۆ ناو پڕۆژەکە دەستبەکار ببمەوە، [بەڵام] پڕۆژەکە بۆخۆی هەمووی زەرە و زەحمەتە."
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 156 پڕۆژە هەن، 68 پڕۆژەیان کارکردن تێیاندا وەستاوە، 60 پڕۆژەشیان تەندەرینی بۆ نەکراوە. هاوکات شەش پڕۆژەش هەڵوەشاوەتەوە، پێنج پڕۆژە لە بەڵێندەر وەرگیراونەتەوە و 17 پڕۆژەی دیکەیش ناوبەناو کاریان تێدا دەکرێت.
پڕۆژە راگیراوەکان پڕۆژەی 56 بەڵێندەرن و بەشێک لە پارەکانیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و وەریاننەگرتووەتەوە.
مەریوان حەمید، جێگری سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان دەڵێت، "دۆخی بەڵێندەرەکانی ئێمەش بە زۆری بەرەو خراپبوون و مایەپووچبوون دەڕوات. بەڵێندەرەکانمان چ لە سنووری گەرمیان یان شوێنەکانی دیکە بەهۆی کێشەی پڕۆژەکانەوە دەناڵێنن لە ئێستادا."
ئەو 68 پڕۆژەیەی لە گەرمیان راگیراون لە کەرتی تەندروستی، ئاو، خزمەتگوزاری، رێگەوبان، کارەبا و باڵەخانەی فەرمانگەکانن و لەسەر بودجەی پترۆ دۆلار، گەشەپێدانی پارێزگاکان و پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانن.
ئەندازیار عومەر وەلی، بەڕێوبەری بەشی پلاندانان لە ئیدارەی گەرمیان گوتی، "پڕۆژەکانمان خزمەتگوزارییە، خەڵک زۆر نیگەرانە لە تەواونەکردنیان، بەو هەیکەلییەی کە ماوەتەوە هەندێکیان نیوەوناچڵ لە ناو کۆڵانەکان ماوەتەوە، داوادەکەین بودجەیەکی تایبەتی بۆ دابین بکرێت و لەسەر داهاتی ناوخۆ نەبێت، داهاتی ناوخۆ بەس بەشی مووچە دەکات لە راستیدا."
بۆ تەواوکردنی هەموو پڕۆژەکان لە گەرمیان، 580 ملیار و 356 ملیۆن دینار پێویستە.