یەکەم گوژمەی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ قۆناخی یەکەمی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی لەلایەن لیژنەی بووژانەوەی چەمچەماڵەوە دەستپێدەکات. پارەی تەرخانکراو بۆ ئەم قۆناخە یەک ملیار و 888 ملیۆن و 242 هەزار دینارە.
"ئەمڕۆ 639 خێزان قەرەبوو دەکرێنەوە"
ئەم قۆناخی هاوکارییە دوو رۆژ دەخایێنێت. ئەمڕۆ هاوکاریی دانیشتووانی شاری چەمچەماڵ دەکرێ و سبەینێش دانیشتووانی شۆڕش، تەکیە و ئاخجەلەر.
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو خێزانانەی زیانیان بەرکەوتووە بەشێوەیەکی شەفاف و راستەوخۆ هاوکاری دەکرێن. تیمەکان ئامادە دەبن. تیمی کۆمیسیاران کە سەرپەرشتیی هەموو پڕۆسەکە دەکات لەوێ دەبێت، لەگەڵ بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاو کە لە 15 کەس پێکهاتوون و نوێنەری رۆژنامەنووسان، کەسایەتییەکانی چەمچەماڵ و 5 مامۆستای ئایینی لەخۆدەگرێ؛ هەروەها لیژنەی وردبینی و ژمێریاری و واژۆکردنی چەکەکانیش ئامادە دەبێ".
لیژنەی وردبینی، ژمێریاری و واژۆکردنی چەکەکان پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری وردبینی و ژمێریاریی زانکۆی چەرموو، بەڕێوەبەری ژمێریاریی دیوانی قایمقامیەتیی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری ژمێریاریی گەنجینەی چەمچەماڵ.
پڕۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچێت و مەرجەکانی وەرگرتنی هاوکاری چین؟
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ گوتی، پڕۆسەکە لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە دەستپێدەکات و هاوکاریی 320 خێزان دەکرێ؛ کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆش هاوکاریی 319 خێزانی دیکە دەکرێ کە هەموویان دانیشتووی شاری چەمچەماڵن.
عەتا محەممەد گوتی: "پێویستە کەسی زیانلێکەوتوو کە ناوی لە فۆرمێکدا نووسراوە و ژمارەی تەلەفۆن و کۆدی سەر کارتی نیشتمانیی کەسەکەی لەسەرە، خۆی ئامادە بێت. جگە لە خۆی، هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێ هاوکارییەکە وەربگرێ. ناوی ئەو کەسانە بەپێی ریزبەندیی پیتەکان دەخوێندرێتەوە".
ئەو هاوکارییانەی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج و خێرخوازان کۆکرایەوە، ئەمڕۆ دەدرێتە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ. رووداو چاودێریی دابەشکردنەکەی دەکات. pic.twitter.com/MkpF2YkXcf
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 22, 2025
دوای ئەوەی ناوی کەسی زیانلێکەوتوو خوێندرایەوە، فۆرمەکەی لەلایەن لیژنەی چاودێرییەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ. لیژنەکە پێکهاتووە لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، نوێنەری دەستەی مافی مرۆڤ، نوێنەری تۆڕی میدیایی رووداو، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی، نوێنەری چاودێریی دارایی سلێمانی، ئارامە ریشە، زانایانی ئایینی، نوێنەری بنەماڵەی شەهیدان و رۆژنامەنووسان. دوای ئەوەی ئەوان پەسندی دەکەن، دەینێرنە لای لیژنەی ژمێریاری.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ گوتی، لیژنەی ژمێریاری پەنجەمۆر لە کەسی زیانلێکەوتوو وەردەگرێ و چەکەکەی پێ دەدات و ئەویش دەیباتە بانک و لەوێ لیژنەی تایبەت دانراوە و پارەکە وەردەگرێ.
بڕی هاوکارییەکە لە قۆناخی یەکەمدا زیاتر لە یەک ملیار و 888 ملیۆن دینارە
عەلی جاف، نوێنەری تۆڕی میدیایی رووداو لە بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاو دەڵێ: "هاوکارییەکە سەرەتا بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی نێو ماڵ دەبێت، دواتر تایبەتە بۆ ئۆتۆمبێل، دووکان و شوێنە بازرگانییەکان. رۆژی یەکەم بۆ نێو شاری چەمچەماڵە کە 639 خێزان بە 861 ملیۆن و 345 هەزار دینار هاوکاری دەکرێن. رۆژی دووەم 445 خێزانی شۆڕش بە 772 ملیۆن و 377 هەزار دینار هاوکاری دەکرێن؛ هەروەها 210 خێزانی تەکیە بە 248 ملیۆن و 220 هەزار دینار و 8 خێزانی ئاخجەلەر بە 6 ملیۆن و 300 هەزار دینار هاوکاری دەکرێن، کە ئەمە تەنیا بۆ دابینکردنی کەلوپەل و چاککردنەوەی خانووەکانیانە".
بە گوتەی عەلی جاف، قۆناخی دووەم پێش سەری ساڵ دەبێ و تێیدا ئۆتۆمبێل، دووکان و شوێنە بازرگانییەکان قەرەبوو دەکرێنەوە؛ گوتیشی: "ئەوەی لە پارەکە دەمێنێتەوە، دەکرێتە پڕۆژەیەکی گشتی بۆ خەڵکی چەمچەماڵ کە هەموو کەسێک بەبێ جیاوازی سوودی لێ ببینێت".
بەگوێرەی دوایین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، بەهۆی لافاوەکەوە 5 کەس گیانیان لەدەستدا و 19 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.
رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو دوو شەو لە دوو بەرنامەدا نزیکەی 7 ملیار دیناری بۆ لێقەوماوانی لافاوەکە کۆکردەوە.
15-12-2025 حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێ.