ژینگەی کرماشان: دوای پڕکردنەوەی بیرە بێ مۆڵەتەکان، تاڵاوی هەشیلان بووژاوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان دەڵێ، تەنیا دوو رۆژ دوای پڕکردنەوەی بیرەکانی دەوروبەری تاڵاوی هەشیلان، تاڵاوەکە بووژاوەتەوە.
 
سورەیا قاسمی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، جگە لە کەمیی بارانبارین و وشکەساڵی، لێدانی بیری نایاسایی و بەکارهێنانی ئاوی سەرچاوە ژێر زەوییەکان، بە هۆکاری سەرەکیی وشکبوونی تاڵاوی هەشیلان دادەندرێ. 
 
سورەیا قاسمی گوتی، دەستیان بە پڕکردنەوەی بیرە بێ مۆڵەتەکان کردووە، بەتایبەتی ئەو بیرانەی لە دەوروبەری تاڵاو و سەراوەکان لێدراون، بۆ ئەوەی پێش بە وشکبوونیان بگرن.
 
بە گوتەی سورەیا قاسمی، بە بەدواداچوون و هاوکاریی بەرێوەبەرایەتییەکانی ئاو و کشتوکاڵی پارێزگاکە، داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری، زیاتر لە 132 بیری بێ مۆڵەت لە دەوروبەری تاڵاوی هەشیلان پڕکراونەتەوە. 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان دەڵێ، تەنیا دوو رۆژ دوای پڕکردنەوەی بیرەکانی دەوروبەری تاڵاوی هەشیلان، تاڵاوەکە بووژایەوە.
 
سورەیا قاسمی ئەوەشی خستەڕوو، وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بارانبارین کاریگەری لەسەر زۆرێک لە رووبارەکانی پارێزگاکە و تەنانەت وڵاتیش هەبووە، بەڵام بە گرتنەبەری بەڕێوەبردنێکی باش بۆ سەرچاوە ئاوییەکان و کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی ئاو، دەتوانرێ پرۆسەی وشکبوونی تاڵاوەکانی وەک هەشیلان و سەراوی نیلووفەر خاو بکرێتەوە یان بوەستێنرێت.
 
16-11-2025، بەهرام دەرویشی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە سەرەتای بەهارەوە 830 بیری ئاوی بێ مۆڵەت لەو پارێزگایە پڕکراونەتەوە کە بەشێکیان لە دەوروبەری تاڵاو و سەراوەکانی شلە و هەشیلان بوون.
 
لە پارێزگای کرماشان 12 هەزار و 266 بیری ئاو مۆڵەتیان هەیە و ژمارەی بیرە بێ مۆڵەتەکان دیار نییە. بەشی هەرە زۆری بیرەکانی ئەو پارێزگایە لە کەرتی کشتوکاڵدا بەکاردەهێندرێن و 10 هەزار و 285 بیری مۆڵەتپێدراو بۆ کەرتی کشتوکاڵ لەو پارێزگایە هەن. 
 
پارێزگای کرماشان 950 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی هەیە و ساڵانە زیاتر لە 4.5 ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە.