قۆناخی چوارەمی دابەشکردنی زەوی لە دهۆک دەستیپێکرد؛ 1400 پارچە زەوی دابەش دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک دەڵێ، 1400 پارچە زەوی لە سنووری دهۆک و سێمێل دابەش دەکرێن. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک دەڵێ، ئەمە دەبێتە قۆناخی چوارەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگاکە.
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ نزیکەی 1400 پارچە زەوی لە دهۆک و سێمێل بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێن کە شایستەن و مەرجەکان دەیانگرێتەوە."
لە دوو ساڵی رابردوودا 4018 پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەش کراون. پارێزگاری دهۆک گوتی: "چەندین هەزار پارچە زەویی دیکەش ئامادەن و دوای ئەوەی رێکارەکان لە تۆمارکردن تەواو دەبن، دابەش دەکرێن. لە قەزای شێخان و ئاکرێ چەند هەزار پارچە زەوی ئامادە کراون و لە قەزاکانی دیکەش کاریان لەسەر دەکرێ. کاتێک رێکارەکان تەواو بوون، دابەش دەکرێن."
عەلی تەتەر دڵنیایی دایە سوودمەندبووان کە دابەشکردنی زەوی بە نۆرەیە و ئەوەی زووتر رەزامەندی بۆ دراوە، زووتر وەریدەگرێ و نۆرەی هیچ کەسێک پێش کەس ناکەوێ.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگاکەمان بەردەوامە. ئەمڕۆ قۆناخی چوارەم دەستیپێکرد. لەم قۆناخەدا 1400 کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن."
بە گوتەی دیار بەحری، وردبینی لە ناوەکانی دیکەش دەکرێ و دوای تەواوبوونیان، ئەوانیش زەوی وەردەگرن.
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ.