بۆردی هاوکاریی لافاوەکەی چەمچەماڵ: دەکرێ پارە کۆکراوەکە زیاتر بێ لە قەبارەی زیانەکان
رووداو دیجیتاڵ:
سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ دەڵێ، بڕی ئەو پارەیەی بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەکە کۆکراوەتەوە، زیاترە لە قەبارەی زیانەکان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی هاوکاری و ناردنی پارەی بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ داوە.
ئەمڕۆ دووشەمە 22-12-2025، قۆناخی یەکەمی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی لەلایەن لیژنەی بووژانەوەی چەمچەماڵەوە، بە چاودێریی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی قەزاکە دەستیپێکرد.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کە هاوکات سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد رایگەیاند، پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت.
ئەم قۆناخی هاوکارییە دوو رۆژ دەخایێنێت. ئەمڕۆ هاوکاریی دانیشتووانی شاری چەمچەماڵ دەکرێ و سبەیش دانیشتووانی شۆڕش، تەکیە و ئاخجەلەر.
بەگوتەی ئەحمەد ئەنوەر، ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووان رەخنەیان لەوە گرتووە کە هاوکارییەکە قەرەبووی سەرجەم زیانەکانیان ناکاتەوە و رایگەیاند: ''ئێمەش گوتمان ئەو بڕە پارەیە وەربگرن، ئەگەر دۆخێکی زۆر بەرچاو هەبێ، ئەوە لیژنەکە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەین.''
سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم زیانەکان لەلایەن لیژنەی فریاگوزارییەوە بە وردی خەمڵێندراون و بەگوێرەی قەبارەی زیانەکان، خەڵک قەرەبوو دەکرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕی هاوکارییەکە لە قۆناخی یەکەمدا زیاتر لە یەک ملیار و 888 ملیۆن دینارە. ئەحمەد ئەنوەر دەڵێت: ''تاوەکو ئێستا، بڕی هاوکارییەکان بەشی قەرەبووی زیانەکان دەکات، بەڵام لەوانەیە خەڵک هەبووبێت کە ناڕازی بێ یان ناوی تۆمارنەکرابێ کە دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە، میکانیزمێک دەدۆزینەوە و لە رێگەی تیمەکانەوە سەردانیان دەکەین.''
سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووان ئاماژەی بەوە کرد، بەگشتی هەزار و 302 ماڵ لە سنووری قەزاکە تۆمارکراون کە ئاویان چووەتە نێو و زیانیان بەرکەوتووە، ''بەڵام ئەگەر زیانەکانی ماڵێک تۆمار نەکرابن، بێگومان سەردانی دەکەینەوە.''
جیا لە چەمچەماڵ، بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستانیش بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوت. حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتی: ''ئەم هاوکارییە تەنیا بۆ سنووری چەمچەماڵە و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە ناگرێتەوە.''
سەرۆکی بۆردی چاودێریی و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ ئاماژەی بە قەبارەی زیانی شوێنە بازرگانییەکانیش کرد و گوتی، زۆرترین زیان تایبەتە بە بازرگانێک کە رایگەیاندووە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار زیانی بەرکەوتووە و ''خۆی لە فۆرمەکەدا داوای دوو ملیار دیناری بۆ قەرەبوو کردووە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکە، ملیارێک و 500 ملیۆن بۆ ملیارێک و 700 ملیۆن دیناری بۆ دیاریکراوە.''
تاوەکو ئێستا نزیکەی 12 ملیار دینار بۆ زیانلێکەوتووان کۆکراوەتەوە. بەگوتەی حاکم ئەحمەد ئەنوەر، ''پێدەچێت ئەو پارەیەی کۆکراوەتەوە، زیاتر بێ لە بڕی زیانەکان. هێشتا بڕیار لەو بڕە پارەیە نەدراوە کە دەمێنێتەوە، بەڵام لەوانەیە کۆمیسۆنی فریاگوزاری و بۆردی چاودێری دابنیشن بۆ ئەوەی پارەکە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیەکی گرنگی سنووری قەزاکە تەرخان بکەن.''
سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەش کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە کە پارە بنێرێت ''بەڵام تاوەکو ئێستا هیچی نەناردووە، ئەگەر ئەویش چەند ملیار دینارێک بنێرێ، کۆمەڵێک کێشەی بنەڕەتی لەم سنوورە چارەسەر دەکرێ.''
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەم لە بەشێکی باشووری کوردستان بەتایبەتی لە سنووری چەمچەماڵ لافاو دروستبوو.
بەگوێرەی دوایین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، بەهۆی لافاوەکەوە 5 کەس خنکان و 19 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.