هەندرێن وەرتی: بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، دابونەریتی هاوسەرگیری لە کوردستان گۆڕیوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر هۆشداری دەدات لەوەی گۆڕانکارییە سیاسییە جیهانییەکان و سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكا، رەنگە نرخی زێڕ بەرەو ئاستێکی پێوانەیی تر بەرێت. هاوکات ئاشکرای دەکات کە دۆخی بازاڕی نێوخۆ گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئێستا خەڵک چارەکە لیرە دەکڕێت.
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، شرۆڤەیەکی وردی بۆ دۆخی زێڕ و کاریگەرییە جیهانی و نێوخۆییەکان کرد.
کاریگەریی گەڕانەوەی ترەمپ
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگران دەڵێت، سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ دەبێت، "ئەگەر ترەمپ بڕیاری گۆڕینی جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی بدات و داوای کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکی بکات، ئەوا کارەسات لە نرخی زێڕ روودەدات و نرخەکەی زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە."
بە بڕوای وەرتی، "ترەمپ سیاسەتی قازانجی شەخسی و کۆمپانیاکان تێکەڵ بە سیاسەتی نیشتمانی دەکات و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەهێزکردنی ئابووری ئەمریكا، کە ئەمەش رەنگە لە قازانجی بەرزبوونەوەی زێڕدا بشکێتەوە، هەرچەندە ئەگەر هەیە بەهۆی رێککەوتنە سیاسییەکان بۆ ماوەیەک نرخ دابەزێنێت."
هەولێر پێشەنگی بازاڕ و کوالێتی بەرز
سەبارەت بە بازاڕی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، وەرتی دڵنیایی دا کە کوالێتی زێڕی هەولێر لە ئاستێکی بەرزدایە و دەڵێت: "لە هەولێر کارگەی لیرەی زێڕمان هەیە کە کوالێتییان لە لیرەی تورکیا و دوبەی باشترە."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا بەهۆی گرانی نرخەکەوە، هاونیشتمانییان توانای کڕینی بڕی زۆری زێڕیان نەماوە، بۆیە پەنایان بۆ کڕینی "چارەکە لیرە" بردووە وەک رێگەیەک بۆ پاشەکەوتکردن، تاوەکو پارەکەیان نەفەوتێت.
هاوسەرگیری و دابەزینی توانای کڕین
بەرزبوونەوەی خەیاڵی نرخی زێڕ، دابونەریتی هاوسەرگیریشی لە کوردستان گۆڕیوە. بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای زێڕنگران: "جاران بە تێکڕا بۆ هاوسەرگیری 25 مسقاڵ زێڕ دەکڕدرا، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ 3 بۆ 4 مسقاڵ. خەڵک هەیە بە 3 مسقاڵ (گوارە و ئەڵقە و زنجیرێکی باریک) پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدات و بە دڵخۆشیش دەڕۆنەوە."
روونیشیکردەوە کە مووچە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر جوڵەی بازاڕ هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کۆتایی ساڵ و خەرجییەکانی سەری ساڵەوە، بازاڕی زێڕ لە هەولێر و شارەکانی دیکە کەمێک سستی تێکەوتووە.
هەندرێن وەرتی جەختی کردەوە کە سەرەڕای دۆخەکە، "هەولێر وەک پایتەخت، کراوەترین و گەرمترین بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان."