هەوای ورمێ لە ئاستی هۆشداریدایە؛ "بەبێ دەمامک مەچنە دەرەوە"
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی ورمێ رایدەگەیێنێت، هەوای شارەکە بۆ گرووپە هەستیارەکان، منداڵان و بەساڵاچووان مەترسیدارە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، سەعید موسەوی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی ورمێ رایگەیاند: "بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکان، کوالێتیی هەوای شاری ورمێ دابەزیوە و لە ئاستی هۆشداریدایە."
بە گوتەی سەعید موسەوی، ئەو گەردیلە زیانبەخشانەی لە هەوادا هەن، مەترسییان بۆ تەندروستیی گشتی هەیە، بەتایبەتی بۆ کەسانی نەخۆش، منداڵان و بەساڵاچووان.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی ورمێ داوا لە خەڵکی شارەکە دەکات، ئەگەر کاری زۆر پێویستیان نەبێت نەچنە دەرەوە، لەکاتی چوونە دەرەوەشدا مەرجە دەمامک بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لە کاریگەرییە خراپەکانی پیسبوونی هەوا پارێزراوبن.
پیسبوونی هەوا لە ورمێ بووەتە گرفتێکی بەردەوام؛ تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە پارێزگای ورمێ، چەندینجار دەوامی قوتابخانە و زانکۆکان کراوەتە پشوو.
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵی رابردوو 58 هەزار و 975 کەس لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی، گیانیان لەدەستداوە.