وەزارەتی دارایی نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتەکان دەکات لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە ئامادەکردنی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی. وەزارەتەکە داوای کردووە لە ماوەی 20 رۆژدا لیستەکان ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2026ـی عێراقدا جێگیر بکرێن.
 
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئەمڕۆ دووشەممە، 22-12-2025 دەرچووە، ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کراوە و تێیدا هاتووە، "بەمەبەستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پلەبەرزکردنەوەی راژەی سەربازی و شارستانی لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2026، خشتەی پلەبەرزکردنەوە پڕبکرێتەوە."
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا جەختکراوەتەوە لەوەی ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم خشتەیە رەوانەکردنیەتی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، تاوەکو شایستە داراییەکانی فەرمانبەران دیاری بکرێن. 
 
وەزارەتەکە هۆشداریشی داوە کە دەبێت لە ماوەی 20 رۆژدا (لە رێککەوتی دەرچوونی نووسراوەکەوە) لیستەکان بگەنە دەستیان و "بەبێ دواکەوتن رەوانە بکرێن، بە پێچەوانەوە لایەنی کەمتەرخەم بەرپرسیار دەبێت."

 

 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەم هەنگاوە لەسەر داواکاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی نییە، بەڵکو ئامادەکارییەکی پێشوەختەیە بۆ خشتەی بودجەی 2026، بۆئەوەی مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی تێدا مسۆگەر بکرێت."
 
تایبەت بە هێزە ئەمنییەکان، وەزارەتی دارایی داوای کردووە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە بە هەمان شێوە خشتەی راژەی سەربازی و شارستانی بە لیستی جیاواز ئامادە بکەن و رەوانەی بکەن.
 
بەپێی ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لەکاتێکدایە کە کە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی تەنگژەی دارایی و بڕیاری حکومەتەوە پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیراوە.