بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگر لە کۆگەیەکی کەلوپەلی نێوماڵ کەوتەوە و 95٪ی سووتا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ، درەنگانی شەوی رابردوو ئاگر لە کۆگەیەکی کەلوپەلی نێوماڵ لەسەر رێگەی گەزنە کەوتەوە و 95٪ی سووتا. لەنێو هۆتێلێکیش دوو کەس گیریان خواردبوو و گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێ: "رزگارمان کردن."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی 12ی 2025، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگری کۆگەکەی سەر رێگەی گەزنە کە بە ناوچەی (نێو کۆگاکان) ناسراوە، کاژێر 23:30 کەوتەوە. 15 ئۆتۆمبێل و 12 تیممان چوون و تاوەکو نزیک کاژێر 2ی بەرەبەیان خەریک بووین."
 
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاگرەکە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەبوو، چونکە کۆگەکە کەلوپەلی نێوماڵی تێدا بوو، بۆیە کوژاندنەوەی ئاگرەکە پێویستی بە سارکردنەوە بوو.
 
لەبارەی زیانی ئاگرەکەوە، شاخەوان سەعید دەڵێ: "کەلوپەلی نێو کۆگەکە دار بوو و نزیکەی 95٪ی سووتا. چەندین کۆگەی دیکەی هاوشێوەی لە تەنیشت هەبوون، خۆشبەختانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و کۆگەکانی دیکەمان پاراستن."
 
ئەو گوتەبێژە ئاماژە بەوە دەکات: "کاژێر 2ی بەرەبەیانیش ئاگادارکراینەوە کە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی نزیک عەنکاوە دوو کەس گیریان خواردووە. هەر چوار کەسەکەمان لەنێو ئاسانسواری هۆتێلەکە رزگارکرد."