پارێزگاری کرماشان: 70 هەزار خێزان لە کارتی سنوورنشینی سوودمەند بوون
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان دەڵێ، 70 هەزار خێزان لە کارتی سنوورنشینی سوودمەند بوون و توانیویانە بەو کارتە کەلوپەل لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە بکەن.
مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان هەروەها رایگەیاند، بایی 330 ملیار تمەن (نزیکەی دوو ملیۆن و 538 هەزار دۆلار) لێخۆشبوون بۆ خاوەن کارتەکانی سنوورنشینی لە پارێزگای کرماشان کراوە کە دەکاتە 40٪ بۆ 45٪ـی کۆی ئەو لێخۆشبوونەی لە هەموو ناوچە سنوورییەکان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل کراوە و بڕی لێخۆشبوونەکە رۆژ بە رۆژ زیاتریش دەبێت.
پارێزگاری کرماشان دەڵێ، لە کەمتر لە حەوت مانگی رابردوودا کە بڕیارەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بایی 70 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی کارتی سنوورنشینییەوە هاوردەی ئەو پارێزگایە کراوە.
کارتی سنوورنشینی لە پارێزگای کرماشان دراوە بە بەشێک لە دانیشتووانی شار و گوندەکانی سنووری پاوە، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و سەرپێڵی زەهاو.
میرحوسێن رەحیمی، قایمقامی شاری سەرپێڵی زەهاو رۆژی 21-12-2025 رایگەیاند، لە کۆی 90 هەزار دانیشتووی شارەکە، کارتی سنوورنشینی دراوە بە 12 هەزار سەرپەرشتی خێزان و داوایان کردووە، کارتەکە بدرێتە سێ هەزار کەسی دیکەش، بۆ ئەوەی کێشەی بێکاری و کەمداهاتی لەو شارە کەمبێتەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە رۆژانی 14 و 15 ئایاری ئەم ساڵ سەردانی پارێزگای کرماشانی کرد و لە کاتی سەردانەکەدا، جێگری جێبەجێکاری سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، کارکردن بە کارتی سنوورنشینی لەو پارێزگایە دەستپێدەکات.
ئەو کارتە لە جێگەی کارتی کۆڵبەری دراوە بە بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ. ئەو کەسانەی کارتەکەیان هەبێ، دەتوانن مانگانە بڕێکی دیاریکراو کەلوپەلی رێگەپێدراو لە دەروازە سنوورییەکان هاوردە بکەن و بەپێی جۆر و نرخی کەلوپەلەکە لە لێخۆشبوونی باج سوودمەند بن. بەشی زۆری ئەو کەسانەی کارتەکەیان وەرگرتووە، سەرپەرشتی خێزانن و داهاتی مانگانەی جێگیر و دیاریان نییە.