قۆناخی سێیەمی پڕۆژەی دارستانەکانی روانگە لە زانکۆی موسڵ جێبەجێکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، تیمی دەزگای روانگە بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی موسڵ، قۆناخی سێیەمی پڕۆژەکەی لە گۆڕەپانی زانکۆی موسڵ جێبەجێکرد و 3500 درەختی دیكەی چاند.
بە گوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، ئامانجی پڕۆژەکە گرنگیدانە بە ژینگەپارێزی و پێکەوەژیان و بووژانەوەی دارستانەکانی موسڵ، لەدوای ئەو کارەساتە تراژیدیانەی بەسەر شارەكەدا هات، هەروەها ئامانجێکی دیکەی بەرەنگاربوونەی گۆڕانی کەشوهەوایە.
دەزگاکە رایگەیاندووە، "ئەم قۆناخەی ئەمڕۆی پڕۆژەکە بەردەوامیدانە بە پڕۆژەی دارستانەکانی روانگە لە موسڵ، کە پێکهاتووە لە چاندنی 7000 دار لەنێو زانکۆ."
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە رایگەیاند، "دڵخۆشین خزمەتی یەکێک زانکۆ پێشکەوتوو و خاوەن مێژووەکانی عێراق بکەین، کە بۆ ماوەی 61 ساڵە لە بواری زانستیدا خزمەت بەم نیشتمانە دەکات."
پڕۆژەی (دارستانەکانی روانگە) پڕۆژەیەکی رووبەرووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایە و لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.