بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە: دابەشکردنی پارەی گەنم دوادەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دابەشکردنی پارەی گەنم لە هەولێر و دهۆک دەستیپێکرد، تاوەکو ئەمڕۆ لە سلێمانی و هەڵەبجە پارەکە دابەش نەکراوە، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سنوورەکە دەڵێ، کێشەیەک لە چەکی پارەکەیان هەیە بۆیە دابەشکردنیان دەستپێنەکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە سایلۆی رۆڤیا لە پارێزگای دهۆک لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو جووتیارانەی 13 و 14ـی حوزەیران گەنمیان رادەستکردووە، ئەمڕۆ سەردانی بانکی رۆڤیا بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارە".
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت: "ئەو جووتیارانەی لە 10 بۆ 14ـی مانگی شەش گەنمیان رادەستکردووە، لە هەفتەی رابردووەوە دابەشکردنی پارەمان بەسەریاندا دەستپێکردووە".
دابەشکردنی پارەی گەنم لە هەولێر لە پێنجشەممەوە دەستیپێکردووە. میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێکارە کارگێڕی و بانکییەکانمان زوو تەواو کرد و دابەشکردنمان دەستپێکرد".
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدایی رووداوی گوت: "کێشە لە چەکی پارەکەمان هەیە و بانک رەتیکردووەتەوە خەرجی بکات، بۆیە دابەشکردنمان دەستپێنەکردووە".
نەسرین ئەحمەد کە سەرپەرشتیی شەش سایلۆی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات گوتی: "ئەمڕۆش جارێکی دیکە گوتیان پارەکە خەرج ناکرێ، بێ ئەوەی هۆکارەکەی دیاری بکەن، لەسەر هێڵێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەگەڵ چارەسەرکردنیدا دابەشکردن دەستپێدەکەین".
14ـی ئەم مانگە، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، زیاتر لە 24 ملیار دینار لە بەغداوە نێردراوە بۆ پارەی گەنم و دوای رێکارەکان دابەش دەکرێ.
بڕی پارەکە 24 ملیار و 250 ملیۆن دینارە؛ 9 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، 7 ملیار و 750 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای هەولێر و 7 ملیاریش بۆ پارێزگای دهۆک.
پێش ئەم گوژمەیە، دوو گوژمە لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردرابوو. گوژمەی یەکەم 57 ملیار دینار بوو کە بەم شێوەیە بوو: 25 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار دینار بۆ هەولێر و 12 ملیار بۆ دهۆک. گوژمەی دووەمیش 6 ملیار بۆ سلێمانی کە هەڵەبجەشی لەگەڵ بوو؛ 5 ملیار بۆ هەولێر و 4 ملیار و 500 ملیۆن بۆ دهۆک.
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ی حوزەیران دەستیپێکرد و تاوەکو 20ی تەممووز بەردەوام بوو.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت.