ئومێد خۆشناو: دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان تەواو بووە و دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، كاركردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان تەواو بووە و هێڵکارییەکانی ماون و ساڵی داهاتوو دەکرێتەوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکان تەواو کراون. دوای سەری ساڵ و هەر لە مانگی یەکی ساڵی نوێدا رێگەکە بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە".
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "هەردوو سایدەكە قیرتاو كراوە کە 16 كیلۆمەتر درێژە، پانیی هەر لایەكی 10 مەتر و 75 سانتیمەترە، پڕۆژەكە سێ‌ چینی قیرتاو کراوە".
 
بڕیارە دوای کردنەوەی رێگەکە بە فەرمی، خێرایی لێخووڕین تێیدا 100 كیلۆمەتر بێ لە کاژێرێکدا. ئومێد خۆشناو دەڵێ، "دوو هەزار کرێکار" بەردەوام لە پڕۆژەکەدا كاریان کردووە.
 
ئومێد خۆشناو ئاماژە بەوە دەکات: "دەستكراوە بە شۆردنی رێگەكە و ئامادەكاری بۆ هێلكاریكردن، تەنیا كارێك مابێت تەواوكردنی دەروازەی هەولێر و بەشێك لە پردەكەی چوارڕێیانی گۆمەسپانە، كە پێشبینی دەكرێ ئەو بەشە لە 10 بۆ 15 رۆژی دیکە تەواو بكرێ".
 
دووسایدەکە لە چوار پرد و یەك ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆ پێكدێ.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگاری هەولێر، تەواوکردنی پڕۆژەکە "100%ی پشتی بە هێزی كاری نێوخۆیی بەستووە". پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی كاری تێدا دەكرێ و بە تەواوبوونی، رێگەی هەولێر تاوەکو سماقووڵی بە درێژیی 38 كیلۆمەتر دەبێتە دووساید.
 
ئۆکتۆبەری پار، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی رێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی دانا و ئەو بەشەی رێگەکە 19ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ کرایەوە.