دەستەی گەشتوگوزار: پێشبینی هاتنی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار دەکەین بۆ سەری ساڵ
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئامادەکارییان بۆ پشووی سەری ساڵ دەستیپێکردووە و پێشبینیی هاتنی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جیاوازتر و باشتر لە ساڵانی دیکە، هەموو ئامادەکارییەک بۆ هاتنی گەشتیار کراوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پشووەکەیان لە هەرێمی کوردستان بەسەرببەن. لە بازگەکان بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێ."
بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، ماوەیەک پێش ئێستا ئامادەکارییان کرد بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاری زستانە؛ گوتیشی: "هەرێمی کوردستان تەنیا لە هاوین و بەهار نا، بەڵکو لە وەرزی زستانیشدا گەشتیاری تایبەت بە خۆی هەیە. پار لە مانگی شوباتدا چالاکیی خلیسکانێمان کرد. ئەم ساڵیش چەندین چالاکیی لەم شێوەیە لە هەموو ئەو ناوچانەی گونجاون وەک سۆران و سلێمانی بەڕێوەدەچن."
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: "پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە ئامادەکارییەکانمان باشن."
سەبارەت بە بازاڕ، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، چەندین لێژنە پێکهێندراون بۆ چاودێریکردنی "بازاڕ، میوانخانە، مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان" و رێگە نادەن هیچ کەسێک دۆخەکە بقۆزێتەوە و نرخ زیادبکات.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 7 ملیۆن و 200 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 80 پڕۆژەی ستراتیژیی گەشتیاری بە گوژمەی 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون؛ پڕۆژەکان تێکەڵ بوون و پێکهاتبوون لە هۆتێل، مۆتێل و کۆمەڵگەی گەشتیاری.