کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما نزیک دەبێت لە پلەی ئەمڕۆ. کەشناسێکیش دەڵێت، ئەم هەفتەیە باران نابارێت و سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 23-01-2023، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو کۆتایی هەفتە ئەگەری بارانبارین نییە و لە شەممەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارینی "دڵخۆشکەر" هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
سەبارەت بە بەفربارینیش ئەو کەشناسە گوتی، "لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. بۆ نێو سەنتەری شارەکان روون نییە و ئەگەری گۆڕانکاری هەیە؛ بەگشتی شەپۆلەکەش نزیکەی شەش رۆژ دەخایەنێت."
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی سێشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی پەڵە هەوری جیا؛ پلەی گەرما نزیک دەبێت لە پلەی گەرمای ئەمڕۆ و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی سێشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر: 14 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 10 پلەى سیلیزى
دهۆک: 14 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 16 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 10 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 15 پلەى سیلیزى
سۆران: 10 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 16 پلەى سیلیزى
 
بەگوێرەی کەشناسی، نزمترین پلەی تۆمارکراوی ئەمڕۆ لە حاجی ئۆمەران بووە بە 5 پلەی سیلیزیی ژێر سفر، هەروەها لە سۆران 1 پلە و لە هەڵەبجەش 2 پلەی سیلیزی تۆمار کراوە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ رێژەی بارانبارینی ئەم وەرزەی بارین جگە لە دهۆک و گەرمیان لە ناوچەکانی دیکە نەگەیشتووەتەوە بە ئاستی وەرزی بارینی رابردوو.
 
رێژەی بارانبارینی ئەم وەرزەی بارین بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
 
هەولێر: 74.3 ملیمەتر
سلێمانی: 209.5 ملیمەتر
دهۆک: 120.9 ملیمەتر
هەڵەبجە: 179.5 ملیمەتر