سەعدی پیرە: عێراق توانای پاراستنی هەرێمی کوردستانی نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بە جوامێرانە وەسف دەکات و دەڵێت، "لەوە زیاتریان پێناکرێت و ئەگەر داوای پاراستنی هەرێمی کوردستانیشیان لێبکەین پێیان ناکرێت." 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان رایگەیاند، "ئێمە نەمانتوانی لەپێش هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لیستی کوردستانی رێکبخەین، بەڵام ئێستا دوای هەڵبژاردن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن باش وایە یەکڕیز بین. ئەو گفتوگۆیانەش کە ئێستا لە رێگەی تەلەفۆنەوە هەن، بەردەوامن و لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆمان لەبارەی داهاتووی پارێزگاکان هەیە، بەتایبەتی کەرکووک و موسڵ".
 
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، "لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان لە بەغدا و لایەنە تورکمانییەکان دەستپێدەکات و لێرەش لە ماڵی خۆمان کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان دەستپێدەکەن".
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پێشتر لەگەڵ پارتی باسمان لەوە کردبوو دۆسییەکانی ئیداری، ئەمنی و سیاسی بە سێ پاکێجی جیا بە بەشداری کەسانی خاوەن ئەزموون و پسپۆڕ گفتوگۆیان لەسەر بکەین، ئەوەی ئێستا لە هەولێر روویداوە پەیوەستە بە پرسی ئەمنییەوە و لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا کە لە داهاتوویەکی نزیک دەیکەین، ئەم پرسە دەبێتە یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان یەکێتی و پارتی".
 
دوێنێ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەڕێوەچوو و لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا باس لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر نەکرابوو، سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، ئەوان لەکاتی هێرشەکەدا راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیمان هەبووە و بە کارێکی ناڕەوای دەزانن.
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی 15ـی مانگ کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر هەولێر گوتی، "من بەدووری دەزانم هێرشێکی مووشەکی لەم قەبارەیەدا بۆ سەر تاکە کەسێک بێت، ئەو پروپاگەندانەی لەسەر کەسەکە دەکرێت جێگەی گومانن، لەکاتێکدا ئەو کەسە لای ئێمە ناسراوە و پیاوێکی کاسبی شارەکەیە و پێمانوایە دوورە لەوەی ببێتە لانە بۆ کاری سیخوڕی".

 

 
سەعدی ئەحمەد پیرە، بەباشی دەزانێت لەسەر ئەو هێرشە مووشەکییە، هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی بزانرێت کێشەیان چییە و دووپاتیدەکاتەوە، "بە دڵنیاییەوە کێشەی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان کێشەی پێشڕەو دزەیی نییە، وا باشە باسی کێشە سەرەکییەکە بکرێت".
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە عێراق لە پاراستنی سەروەرییەکەی کەموکوڕی هەیە و تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بەرگری لێ بکات و دەشڵێت، "راستە لەو بابەتەدا عێراق نمایشێکی باشی کرد، لە بابەتی هەڵوێست وەرگرتن و هاتنی قاسم ئەعرەجی بۆ هەولێر کە قسەکانیشی لەسەر رووداوەکە رێکوپێک بوون، بەڵام لە دوێنێوە هەوڵ دەدەن لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا قسەکانی قاسم ئەعرەجی بخەنە ژێر پرسیارەوە".
 
سەعدی پیرە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بە "جۆرێک گوێڕاکێشان" دەزانێت و دەڵێت، "کارێکی ناڕەوایە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەگەر پێمانوابێت هێرشکردنە سەر هەولێر بەتەنیا بۆ هەولێرە یان هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی تەنیا ئامانج لێی سلێمانییە، بەهەڵەداچووین، ئەوانە هەمووی یەک پاکێجن و بە ئاراستەی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدەدرێن".
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "توانای حکومەتی عێراق لەوەندە زیاتر نییە کە بەرامبەر پاراستنی هەرێمی کوردستان کردوویەتی و ئەگەر داوای پاراستنی هەرێمی کوردستانیشی لێ بکەین پێی ناکرێت، بەڵام هەڵوێستی ئەمجارەی لەسەر هەولێر جوامێرانەبوو و پێویستە ئێمە سوپاسیان بکەین".
 
شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و زیاتر لە نیوەیان بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەهۆیانەوە پشڕەو دزەیی، منداڵێکی و هاوڕێیەکی گیانیان لەدەستدا، بەپێی لێدوانی بەرگریی شارستانیی هەولێریش، چارەنووسی دایەنەکەی ژینە نادیارە تاوەکو پشتڕاست دەکرێتەوە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، هەروەها 17 کەسیش بریندار بوون.