وەزیری دارایی: بۆ چارەسەری کێشەی گومرگ لێکتێگەیشتنی باش لەگەڵ بەغدا دروستبووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر گومرگ و خاڵەسنوورییەکان پێکهێناوە و لێکتێگەیشتنی باش لەو بارەیەوە دروستبووە.
رۆژی سێشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای پاسەوانی سنووری عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە گرفتەکانی خاڵە سنوورییەکان و رۆڵی پاسەوانی سنوور کردووە لەو ناوچانەدا و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنیان.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب گوتوویەتی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر گومرگ و خاڵەسنوورییەکان پێکهێناوە و "لێکتێگەیشتنی باش لەو بارەیەوە هاتووەتە ئاراوە".
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی
رۆژی سێشەممە 23-01-2024، بەڕێز ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای پاسەوانی سنووری عێراق، کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان لیوا تالب حباب رەمەزان، جێگری فەرماندەی گشتی پاسەوانی سنوور و لیوا دلێر فەرزەندە زوبێر زێباری، فەرماندەی فەرماندەیی سنووری ناوچەی یەک و شاندێکی یاوەریان.
لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتەکانی خاڵە سنوورییەکان و رۆڵی پاسەوانی سنوور لەو ناوچانە، هەردوولا هاوڕابوون کە وەک یەک تیم کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت.
وەزیری دارایی روونیشیکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر گومرگ و خاڵەسنوورییەکان پێکهێناوە و لێکتێگەیشتنی باش لەو بارەیەوە هاتووەتە ئاراوە.
لای خۆشیەوە جێگری فەماندەی پاسەوانی سنووریی عێراق سوپاسی وەزیری دارایی و دام و دەزگەکانی وەزارەتی کرد، کە هاوکار و هەماهەنگن بۆ ئەوەی پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.