یەکێتیی مامۆستایان: وانەبێژانی دابڕاو لەبری مامۆستا و فەرمانبەرە خانەنشینکراوەکان دابنرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، بەهۆی بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە، نزیکەی 10 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر خانەنشین دەبن. داوا دەکات، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی لە ناوەندەکانی پەروەردە وانەبێژانی دابڕاو بخرێنە شوێنیان.
پێنجشەممە، 23-01-2025، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، نزیکەی 10 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن".
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارەی 09ـی ساڵی 2014ـی عێراق جێبەجێ دەکرێت و ئەوانەی تەمەنیان دەبێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێن.
ئەحمەد گەرمیانی گوتی، یەکێک لەو کێشانەی جێبەجێکردنی یاساکە دروستی دەکات، خانەنشینبوونی بەشێکی مامۆستایانی "بە ئەزموون و پێویستە بۆ ناوەندەکانی خوێندن."
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان باس لەوەشدەکات: "بۆ ئەوەی بۆشایی لە قوتابخانەکان دروست نەبێ، داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی عێراق وەربگرێت بۆ دامەزراندنی گەنجی نوێ و ئەو وانەبێژانەی پێشتر خزمەتیان کردووە و بەهەر هۆکارێک بێت وازیانهێناوە".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی بە "باش" زانی و داوای کرد، کە یاساکە جێبەجێ دەکرێت تەواوی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی خانەنشین لە هەرێمی کوردستانیش هاوتای مامۆستایانی خانەنشینی عێراق بکرێت.
ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت: "هەنگاوی یەکەم پێویستە ئەو 38 هەزار وانەبێژەی کراونەتە گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی، دواتر مامۆستای دیکە لە شوێنی خانەنشینەکان دامەزرێندرێت".
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەکرێت، هەموو ئەو ماف و شایستانەی دەبێت کە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراو پێی دەدات، ئەگەر هاتوو مەرجە یاساییەکانی شایستەبوونی تێدابێت.
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان گوتی: "بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناچاری بووە، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق پێی راگەیاندوون، کە نابێت لە دایکبووانی ئەو ساڵانە خانەنشین بوون دەیانگرێتەوە لەنێو لیستی مووچەدا هەبن".