رێکخراوێک دەڵێت 5002 خۆپێشاندەر کوژراون و حکومەتی ئێرانیش دەڵێت 3117

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، تاوەکو کۆتایی رۆژی 26ـەمی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان لە وڵاتەکە، لانیکەم کوژرانی 5002 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی زیاتر لە 9 هەزار کەسی دیکەش دەکرێ، بەڵام حکومەت تەنیا باس لە کوژرانی 3117 کەس دەکات.
 
رۆژی هەینی، 23-01-2026، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هەرانا) نوێترین ئاماری سەبارەت بە کوژران، برینداربوون و دەستگیرکرانی خۆپێشاندەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند.
 
بە گوێرەی ئامارەکە، لە سەرەتای ناڕەزاییەکانەوە تاوەکو دوێنێ پێنجشەممە، کوژرانی لانیکەم 5002 کەس پشتڕاست کراوەتەوە، کە 42ـیان منداڵن و 207ـیان هێزی ئەمنین.
 
هاوکات هەرانا ئاماژەی بەوەش کردووە، جیا لەو ژمارەیە، بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی 9787 کەسی دیکە دەکرێت.
 
ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ژمارەی بریندارانی خۆپێشاندانەکانی بەرچاو راگەیاندووە و دەڵێت، لانیکەم برینی 7391 کەسیان سەختە.
 
هەر بە گوێرەی ئامارەکە، تاوەکو کۆتایی 26ـەم رۆژی خۆپێشاندانەکان، 26 هەزار و 852 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون.
 
ئامارەکە لەکاتێکدا خراوەتەڕوو کە رۆژی چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییانە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ژمارەی قوربانییانی بە 3117 کەس راگەیاندووە کە بەگوتەی خۆیان ''دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان'' بوون.
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر گەیشتە پارێزگاکانی دیکە و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکان دا زیان بەر 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 مەڵبەندی زانستیی شیعە و هەروەها دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.