ئەمڕۆ لە 4000 مزگەوتی هەرێمی کوردستانەوە داوای پشتیوانی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایانی ئایینیی لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە، لەکاتی گوتاری ئەمڕۆ هەینی دا باس لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان بکەن. گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێت، مامۆستایان پشتیوانی هەڵمەتەکانی هاوکاری بۆ رۆژئاوا دەکەن.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستان، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مامۆستایانی ئایینیی هەمیشە هەڵوێستی نیشتمانییان هەبووە، لەو چوارچێوەدا ئەمڕۆ بە یەک دەنگ فەتوای وەزارەتی ئەوقافی سووریا دژی کورد و رۆژئاوای کوردستان رەتدەکەنەوە".
شێرکاوەیی دەڵێت: "ئەمڕۆ مامۆستایانی ئایینیی لە گوتارەکەیان دا پشتیوانی هەڵمەتی تۆڕی میدیایی رووداو و کەناڵ و دەزگاکانی دیکە دەکەن بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان".
زیاتر لە 6 هەزار مزگەوت لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام وەکو گوتەبێژی یەکێتیی زانایان باسی دەکات، لە نزیکەی چوار هەزار مزگەوتدا گوتاری هەینی پێشکێش دەکرێت و هەموویان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان ئاگادار کراونەتەوە.
لە 06ـی ئەم مانگەوە بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریاوە لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، دەیان هەزار هاونیشتمانی ئاوارەبوون و پێویستی خێرایان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.