بەفر گەشتە ئاسمانییەکانی ئامەد و شرنەخی راگرت
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە پارێزگاکانی ئامەد و شرنەخی باکووری کوردستان کردووە؛ بەهۆیەوە گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشێندرانەوە و رێگەی دەیان گوند داخراون.
لە ئێوارەی دوێنێوە بەفربارین لە ئامەد دەستیپێکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی شارەکە.
هاوکات لە شرنەخ کاریگەریی شەپۆلەکە زیاترە؛ بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی شەرەفەدین ئەلچی رایگەیاندووە، بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە گەشتەکانی نێوان (ئەنقەرە - شرنەخ) و (ئیستەنبووڵ - شرنەخ) بە هەردوو ئاراستەدا هەڵوەشێندراونەتەوە.
جگە لە وەستانی گەشتەکان، لە شرنەخ رێگەی 35 گوند بە رووی هاتووچۆدا داخراون، کە دابەشبوون بەسەر؛ 21 گوند لە قەزای ئێلکێ، 9 گوند لە قڵابان و 5 گوندیش لە ناوەندی شرنەخ.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ناوچە شاخاوییەکانی شرنەخ زیاتر لە مەترێک بەفر باریوە و لە قەزای ئێلکێ گەیشتووەتە 2 مەتر.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات شەپۆلەکە بەردەوام بێت و لە پارێزگاکانی ئامەد، ئێلیه، سێرت و شرنەخ بەفربارینەکە چڕتر بێتەوە.