کەشناسی: ئەمشەو شەپۆلی بەفر و باران کۆتایی دێت

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو شەپۆلی بەفر و باران لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات، لە سبەیەوە پلەی گەرما بەرز بێتەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی کەشناسی هەرێمی کوردستان، "ئەمڕۆ باران دەبارێت و هەندێک کات باران و بەفر تێکەڵ دەبن؛ پێشبینی دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان بەفر ببارێت و شەو کەش ئاسایی دەبێتەوە".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی رایگەیاندووە، ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت.
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەپۆلی بەفر و باران لە هەولێر و دەوروبەری کۆتایی دێت و دواتر ناوچەکانی دیکە، بەگشتی ئەمڕۆ لە هەموو ناوچەکەمان کەش ئاسایی دەبێتەوە".
 
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا لەبارەی پلەی گەرماوە دەڵێت: "شەوان هەر سارد دەبێ، بەڵام لە سبەیەوە رۆژانە یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە تاوەکو چوارشەممە بە گشتی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما نزیکەی شەش پلە بەرز دەبێتەوە".
 
بە گوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 5 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 4 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 4 پلەی سیلیزی 
دهۆک: 5 پلەی سیلیزی
پیرمام: 2  پلەی سیلیزی
سۆران: 1  پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: -4 پلەی سیلیزی     
چەمچەماڵ: 6 پلەی سیلیزی 
زاخۆ: 5 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 5 پلەی سیلیزی