شەوی رابردوو لە ئیستەنبووڵ 1100 کەس دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکان لە ئیستەنبووڵ بۆ دابینکردنی ئارامی، هەزار و 100 گومانلێکراو دەستگیرکران، کە زیاتر لە 600 کەسیان "داواکراو"ـن. لە هەڵمەتەکەدا هێلیکۆپتەر و بەلەم بەکارهێنراون و زیاتر لە نیو ملیۆن لیرەش سزای شۆفێران دراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، رۆژی هەینی 23-01-2026 وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی ڕابردووی ئاشکرا کرد کە بە "ئۆپەراسیۆنی ئارامی" ناسراوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی جەندرمە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی (بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، تاوانە رێکخراوەکان و ئاسایشی گشتی) کراوە.
پشکنین بۆ 370 هەزار کەس کراوە
ئۆپەراسیۆنەکە لە دوو قۆناخدا جێبەجێ کراوە؛ قۆناخی یەکەم لە کاژێر 20:00 بۆ 22:00 بە بەشداریی هەزار و 439 کارمەند لە 215 خاڵی جیاوازی شارەکەدا بووە، کە تێیدا هێلیکۆپتەری پۆلیس و 5 بەلەمی پۆلیسی دەریایی پشتیوانیی هێزەکانیان کردووە.
قۆناخی دووەمیش تاوەکو کاژێر 23:59 بەردەوام بووە و تێیدا پشکنین بۆ شوێنە گشتییەکان کراوە. بەگوێرەی ئامارەکان، لەو شەوەدا ناسنامە و دۆسیەی 370 هەزار و 905 کەس پشکێندراوە.
لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینەکاندا، هەزار و 100 کەس دەستگیرکران؛ پۆلیسی ئیستەنبووڵ دەڵێت 625 کەس لەو دەستگیرکراوانە بە تۆمەتی جیاواز پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە و "داواکراو" بوون.
هاوکات دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و کەرەستەی قەدەخەکراودا گیراوە، لەوانە، 68 دەمانچەی بێ مۆڵەت، 12 دەمانچەی دەنگی و یەک تاپڕ، بڕێک مادەی هۆشبەر و 104 حەبی هۆشبەر،
14 هەزار و 670 لیرە (نزیکەی 340 دۆلار) کە گومان دەکرێت پارەی دەستکەوتووی مادەی هۆشبەر بێت."
بەشێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنەکە تایبەت بوو بە هاتووچۆ، تێیدا پشکنین بۆ 40 هەزار و 106 ئۆتۆمبێل و 894 ماتۆڕسکیل کرا.
لە ئەنجامدا رێکاری یاسایی بەرامبەر 2 هەزار و 738 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل گیرایەبەر و 3 ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا گیرا. کۆی گشتیی سزاکانیش گەیشتە 507 هەزار و 795 لیرە (نزیکەی 11 هەزار و 700 دۆلار).