ناوەندی زانیاریی رۆژئاوا: 150 هەزار کەس لە کۆبانێ لە لێواری کارەساتدان
رووداو دیجیتاڵ
تەنیا 24 کاژێر ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەی نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، لە کاتێکدا هەردوولا تۆمەتی پێشێلکردنی ئاگربەست ئاراستەی یەکدی دەکەن، فەرماندەیەکی هەسەدە جەخت دەکاتەوە، "کراوەن بۆ گفتوگۆ." سوپای عەرەبیی سووریاش زیندانی ئەقتانی کۆنترۆڵ کرد.
ناوەندی رۆژئاوا بۆ زانیاری، کە خۆی وەکو ناوەندێکی سەربەخۆ و خۆبەخش لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ناساندووە، راپۆرتێکی دیکەی لەبارەی دۆخی ناوچەکان بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، "لەڕووی سەربازییەوە، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر نەخشەی ناوچەکەدا هاتووە؛ لە ماوەی دوو هەفتەدا خاکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەوە بۆ 10 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە کەمبووەتەوە، ئێستا تەنیا شار و شارۆچکە کوردییەکان لەژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزەدا ماونەتەوە."
گەمارۆی کۆبانێ و مەترسیی کارەساتی مرۆیی
ناوەندەکە لە راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە گوندەواری حەسەکە هەڕەشەی بڕینی رێگە سەرەکییەکان دەکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ تووندتربوونی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ، لە 6ی کانوونی دووەمەوە نزیکەی 170 هەزار کەس ئاوارە بوون، کە 18 هەزاریان کوردی خەڵکی رەققە و تەبقەن."
هەر بەپێی راپۆرتەکە، "نزیکەی 150 هەزار سڤیل لەناو شاری کۆبانێ گیریان خواردووە و لە ترس و دڵەڕاوکێی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریادان، دۆخی مرۆیی شارەکە لە لێواری کارەساتدایە؛ کارەبا بڕاوە، پەمپەکانی ئاو لەکارکەوتوون و هێڵەکانی ئینتەرنێت زۆر لاوازن."
بەهۆی گەمارۆکەوە، هیچ بڕە سووتەمەنی، خۆراک و دەرمانێکی پزیشکی ناگاتە شارەکە، هەرچەندە وەزارەتی وزەی سووریا بەرپرسیارێتیی خۆی لە بڕانی کارەبا رەتدەکاتەوە، بەڵام مانگی سووری کوردی رایگەیاندووە، "ژمارەیەک منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە."
هەر لەسەر دۆخی کۆبانێ لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "خەڵکی گوندەوارەکان بە ناچاری روویان لە سەنتەری شارەکە کردووە و هەندێکیان بەهۆی تۆپبارانەوە بریندار بوون."
ئاوارەیەک بەناوی خالید دەڵێت، "هەموومان ماڵەکانمان جێهێشتووە و ناتوانین بگەڕێینەوە، لەم بەفر و بارانەدا خەڵک لە قەراخ شەقامەکان لەناو ئۆتۆمبێل دەمێننەوە، ئەوانەشی ئۆتۆمبێلیان نییە تەنیا بەتانییان پێیە."
دۆخی جزیرە و گرژییەکان
بەپێی ئەو راپۆرتە، لە ناوچەکانی جزیرە، شار و شارۆچکە کوردییەکان ئامادەکاری بۆ هێرشی چاوەڕوانکراوی سوپای عەرەبی سووریا دەکەن و سڤیلەکان ئێشکگریی شەو و رۆژیان هەیە.
باسی دۆخی خەڵک لە قامشلۆ و ناوچەی دیکە دەکات و دەڵێت، "کریستیانەکان دەرگای کەنیسەکانیان بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان کردووەتەوە."
ئەڤین سوەید، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دیموکراتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا - DAANES هۆشداری دەدات لەوەی، گرژیی نێوان کورد و عەرەب زیادیکردووە، "بەهۆی ئەوەی دیمەشق هۆزە عەرەبەکان دژی پێکهاتەکانی دیکە هان دەدات."
کۆنترۆڵکردنی زیندان و دۆخی کەمپی هۆل
راپۆرتەکە باس لە دۆخی کەمپی هۆلیش دەکات لە و نووسیویەتی، "23 هەزار ژن و منداڵی کەسوکاری داعشی تێدایە، دوای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا، ڕێکخراوە مرۆییەکان ناتوانن بگەنە کەمپەکە، تەنیا نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێت." بەڕێوەبەری پێشووی کەمپەکە باس لە پشێوییەک دەکات بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە دروست بووە و دەستبەسەرکراوەکان توانیویانە هەڵبێن، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەگەر تەقە لە هەڵاتووان بکردایە کارەسات رووی دەدا."