گوتاربێژێکی هەولێر: ئەوەی لە توانایدایە با بەشداریی کەمپەینەکەی رووداو بکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتاربێژی مزگەوتێکی هەولێر رەخنە لە وەزارەتی ئەوقافی سووریا دەگرێ کە بە پشتبەستن بە قورئانی پیرۆز فەتوایەکی دژی کورد دەرکردووە؛ دەشڵێت، پێویستە پاڵپشتی لە کەمپەینەکەی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی 23-01-2026، د. بەشیر حەداد، گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر، لەبارەی کەمپەینی (رەنجی رووداو بۆ رۆژئاوا) کە دەرمان، خۆراک و پێداویستی دیکە بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کۆدەکاتەوە، بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''پێویستە هەر کەسێک لە توانایدا هەیە، بەشداری لە کەمپەینەکاندا بکات، لە سەرووی هەمووشیانەوە کەمپەینی تۆڕی میدیایی رووداو.''
د. بەشیر حەداد سوپاسی رووداو دەکات کە ''لە هەموو رووداوە نەخوازراوەکاندا لە پێشەوەی هەمووانە، بینیمان بۆ پێشمەرگە لەکاتی داعش، لەکاتی لافاوەکان، بوومەلەرزە و تەنانەت [لە کۆکردنەوەی هاوکاری] بۆ دەرەوەی کوردستان و خەڵکی دیکەش، چالاک بووە.''
ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، چەند رۆژێکە رووبەڕووی دۆخێکی سەربازی، ئەمنی و داڕمانی خێرای دۆخی مرۆیی بوونەتەوە و سەرەڕای گەمارۆکان لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەسەر کۆبانی بڕاون.
گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات ئاماژەی بەوە کرد: ''ئێمە وەک مامۆستایانی ئایینی بە ئەرکی خۆمان زانی لە پەراوێزی گوتاری هەینیدا باس لەو نەهامەتی و کارە نامرۆڤانەیە بکەین کە ئەوان (سوپای عەرەبیی سووریا) دوای ئەوەی تەرمی شەرڤانانیان دەکەوێتە دەست، پیشانی دەدەن.''
18ـی کانوونی دووەم وەزارەتی ئەوقافی سووریا نووسراوێکی بۆ گوتاربێژانی مزگەوتەکانی سووریا نارد کە تێیدا هێرشەکان بۆ سەر کورد و رۆژئاوای کوردستان بە "فتوحات" ناودەبات و نووسراوەکە بە ئایەتی 9 لە سورەتی ئەنفال لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات.
د. بەشیر حەداد گوتی، ''ئەو کارەی وەزارەتی ئەوقافی سووریا بەکارهێنانی وشەیە لە کاتی نەگونجاودا (غەیری مەوقعی خۆی). ئەمە ئەرکی مامۆستایانی ئایینی نییە، بەڵکو ئەرکی مامۆستایان ئەوەیە قسە و هەڵوێستیان بۆ چاکسازی، چەسپاندنی یەکڕیزی و پاراستنی مافی گەلان بەکاربهێنن.''
گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، وەک هەموو کارەساتی دیکە بەڵکو زیاتریش، ئەرکی خۆیان بەرامبەر خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بە کۆکردنەوەی پارە و کەلوپەل جێبەجێ بکەین، ''تەنانەت ئەگەر تەنیا بە نزاکردنیش بێ بۆ رزگاربوون و سەرکەوتنیان.''
د. بەشیر حەداد رایگەیاند، هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان بەر لەوەی ئەرکێکی نەتەوەیی بێ، ئەرکێکی ئایینی، مرۆیی و ئەخلاقییە و ''ئەوانە یەکەم جار موسڵمانن، دواتر مرۆڤن، ئینجا لە نەتەوەی خۆمانن. بە هەموو شێوەیەک ئەم ئەرکەمان لە ئەستۆیە.''
کەمپەینی رەنجی رووداو بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ رۆژئاوای کوردستانە و دوێنێ لە یەکەم رۆژیدا، لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر چەندین بارهەڵگر خۆراک، پێداویستی، دەرمان و هاوکاریی دیکە کۆکرایەوە و لەرێگەی هەژمارە بانکییەکانی کەمپەینەکەش، هاوکاریی دارایی کۆدەکرێتەوە.