دوو چەکداری سوپای سووریا دەچنە سەر ماڵی هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان و سووکایەتی پێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، تێیدا دوو چەکداری سەر بە سوپای سووریا دەردەکەون، چوونەتە نێو ماڵێکی چۆڵکراوی خێزانێکی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، جگە لە دەستکاریکردنی کەلوپەلەکانیان، خواردنی ماڵەکە دەخۆن و سووکایەتی بە خاوەن ماڵەکە و کورد دەکەن.
لە ڤیدیۆکەدا، کە یەکێک لە چەکدارەکان بە مۆبایلەکەی تۆماری کردووە، دەردەکەوێ کە لە چێشتخانەی ماڵەکەدان و خەریکی ئامادەکردنی گۆشتن بۆ خواردن. چەکدارەکە بە زمانی عەرەبی و بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە باسی ماڵەکە دەکات و دەڵێت، "ئەمە ماڵی کوردەکانە، پەکەکە، بەرازەکان، سەگەکانی قەندیل."
چەکدارەکان دەرگای سەلاجەی ماڵەکە دەکەنەوە و سەیری ئەو خۆراکانە دەکەن کە خێزانە کوردەکە لەدوای خۆیان جێیان هێشتووە. یەکێک لە چەکدارەکان دەڵێت، "خواردنەکەیان وەک خۆی جێهێشتووە؛ هێلکە، ماست و پەنیریان هەیە؛ دۆخیان زۆر باشە."