بەفربارین ئاستەنگی هاتووچۆی لە سلێمانی و ئیدارەی سۆران دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ

هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینەوە بەشێکی شەقامەکانی سنوورەکەیان شیاونین بۆ بەکارهێنان. هەروەها جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، "زۆرناچاری" نەبێ رێگەکانی سنوورەکەیان و رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بەکارنەهێنن.
 
حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا بەفرێکی چڕ لە شاری سۆران و تەواوی ئیدارەکەمان دەبارێت و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل تاوەکو ئاستی تەواو وەستان رۆشتووە".
 
تێلی گوتی: "لە حاجی ئۆمەران، چۆمان و سەنتەری سۆران و رێگەکانی دەرەوەیان بەفرێکی زۆر باریوە و زیاترە لە 10 سانتیمەتر، بۆیە داواکارین لە شۆفێران ئاگاداری ژیانی خۆیان بن و گەشت نەکەن تاوەکو رێگەکان لە بەفر رادەماڵدرێن".
 
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە؛ جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەکە دەڵێت: "خەڵک هەیە خۆی گەیاندووەتە دەروازەکە زۆر بە زەحمەت، لەکاتێکدا رێگەکان هیچ شیاو نین بۆ بەکارهێنان و مەترسی لەسەر ژیانی هاتووچۆکاران دروست دەکەن".
 
بە گوتەی حەکیم تێلی، تیمەکانی راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەکان لە تەواوی سنوورەکەیان سەرقاڵی کارکردنن بۆ کردنەوەی رێگە سەرەکییەکان.
 
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفربارین زۆرینەی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک بەفر دەبارێت.
 
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی کردووەتەوە، شەقامی نێوان تاسڵووجە بەرەو ئاراستەی راپەرین و بە پێچەوانەوە؛ بەشێکی زۆری شەقامەکان بە ئاراستەی دەرەوەی شاری سلێمانی بەھۆی چڕی بەفربارینەوە مەترسی خزین و ھەڵخلیسکاندن و نەمانی کۆنترۆڵی ئۆتومبێلی لەسەرە و ئەگەری بەرچاو ھەیە بۆ پەککەوتن و رووداوی نەخوازراو.