ئەندازەی پارکەکانی هەولێر: خاوەنی کۆمپانیای ئەملاک 11 داری بڕیوەتەوە، بۆیە نووسینگەکانی داخراون
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر نووسینگەکانی خانووبەرەی کۆمپانیای ئەملاک داخرا. خاوەنەکەی دەڵێت: "بەهۆی گلەییکردن لە خزمەتنەکردنی پارکێکی هەولێر لەلایەن قایمقامی هەولێرەوە نووسینگەکانم داخراوە." قایمقامی هەولێریش دەڵێت: "کێشەکەی دەکرێتە دۆسیە و رەوانەی دادگە دەکرێت." بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێریش دەڵێت: "خاوەنی کۆمپانیاکە لە پارکێک 11 داری بڕیوەتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 23-2-2023، سەردار ئازاد، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەی ئەملاک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسینگەکانم بەهۆی پێشنیازێکەوە داخراون، سەردانی پارکی پەپوولەم کردووە و بینیومە زۆر وێران بووە، بۆیە ڤیدیۆیەکم بۆ پارێزگاری هەولێر کردووە و دەڵێم ئەو پارکە جوانە وێران بووە نۆژەنی بکەنەوە، بەبێ ئەوەی ئاگاداربم بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان دڵی ئێشاوە بۆ بەیانییەکەی پەیوەندی پێوەکردم و داوای لێکردم ئەو ڤیدیۆیانەی لە پەیجەکەم دامناوە بیسڕمەوە، بۆیە سڕیمەوە، بەڵام لە پەیجەکانی دیکە مابوو."
بە گوتەی سەردار ئازاد، دوای ئەوەی نەیتوانیوە لە پەیجەکانی دیکە ڤیدیۆکەی بسڕێتەوە، لە رێگەی قایمقامی هەولێرە نووسینگەکانی کۆمپانیای ئەملاکیان داخستووە.
خاوەنی کۆمپانیای ئەملاک دەشڵێت: "دوای ئەوەی نووسینگەکانمان داخراوە پەیوەندیم بە قایمقامی هەولێرەوە کردووە و پێیگوتووم لەبەرئەوەی دەستکاریی مۆڵکی گشتیت کردووە، بۆیە نووسینگەکانت داخراوە، بەڵام من تەنیا ڤیدیۆم کردووە ئەگەر بۆ ئەوەش بێت دەبێت من بگرن بۆچی کۆمپانیا دادەخەن، بەڵام قایمقام پێیگووتم: پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ئەندازیاری پارکەکان بکە و دڵی چاکبکەوە."
بەهۆی داخستنی کۆمپانیای "ئەملاک 30 کارمەند بێکاربوون." سەردار ئازاد دەڵێت: "ئەگەر سەرۆکی هەرێم، حکومەت و داواکاری گشتی هەیە ئەوە دەبێت نووسینگەکانم بکەنەوە، ئەگەر تاوەکو شەممە نەکرێتەوە نووسینگەکانم دادەخەم و دەڕۆمە وڵاتێکی دیکە."
لەبارەی هۆکاری داخستنی نووسینگەکانی کۆمپانیای ئەملاک، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت: "هۆکاری داخستنی کۆمپانیای ئەملاک بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆوە نییە، بەڵگە هەیە و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر نووسراوی کردووە کە ئەو لە ئەکوا پارک داری بڕیوەتەوە و ئەو ئامێرانەی کە لە پارکەکان هەیە بۆ یاریی منداڵان بردوویەتی، بۆیە کیشەکەی دەکرێتە دۆسیە و رەوانەی دادگە دەکرێت."
رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسراومان بۆ قایمقامێتی هەولێر کردووە کە خاوەنی کۆمپانیای ئەملاک بەیانیی ئەمڕۆ 11 داری بڕیوەتەوە و سێتێکی یاریی منداڵانیشی لە پارکەکە شکاندووە و بردوویەتی، بۆیە نووسینگەکانی داخراوە."
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتیشی: "پێش ئەوەی نووسینگەکانی دابخرێت داری بڕیوەتەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆوە نییە."