لە هەولێر 10 بەنزینخانە داخران

 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامیەتی هەولێر بڵاویکردەوە، 10 بەنزینخانەیان بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەوە داخستووە. بازرگانێکی بەنزینیش دەڵێت، ئەو بەنزینخانانە بەنزینی "زۆر خراپیان" فرۆشتووە.
 
قایمقامیەتی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی کوالێتیی خراپ و پابەندنەبوونیان بە رێنوێنییەکان، لەکۆی 100 بەنزینخانە کە پشکنینیان بۆ کراوە 10یان داخراون و سزا دراون.
 
ماوەی زیاتر لە مانگێکە نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر لە دەوروبەری 780 دیناردا جێگیرە. ئەو بەنزیخانانەی داخراون، هەر لیترێکی بەنزینیان بە کەمتر لە 700 دینار فرۆشتووە.
 
جەنگی مەجید، بازرگانی کڕین و فرۆشتنی بەنزین لە هەولێر ئەمڕۆ هەینی، 23ـی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کوالێتی بەنزین ئێستا زۆر زۆر باشە؛ گەڕانی لیژنەکانیش تووند و زۆر بووە، بەمەش 90%ـی بەنزینی بەنزینخانەکان لە پشکنین دەرچوون".
 
لە هەولێر و دەوروبەر 288 بەنزینخانە کاردەکەن و رۆژانە بەنزینی نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر بە نرخی جیا دەفرۆشن.
 
جەنگی مەجید گوتی، بەنزینخانەکان سەرپشک کراون لیتری بەنزینی نۆرماڵی کوالێتیی باشی کۆمپانیاکانی کار و لاناز بە 740 بۆ 785 دینار بفرۆشن، بەڵام ئەو بەنزینخانانەی داخراون لیترین بەنزینی "زۆر خراپ"یان بە 670 بۆ 690 دینار فرۆشتووە.
 
ئەو 10 بەنزینخانەیەی لەلایەن قایمقامیەتی هەولێر سزادراون و داخراون:
 
- وێستگەی هێز
- وێستگەی زریج
- وێستگەی کوردستان/قوشتەپە
- وێستگەی گارە
- وێستگەی مەڕوان
- وێستگەی هێمن
- وێستگەی دڵنیا
- وێستگەی گردەڕەشە
- وێستگەی شوان
- وێستگەی رەنج / خەبات