وانەبێژانی راپەڕین: یەکشەممە دەگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە بەشی زۆری سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەوامی قوتابخانەکان دەستیپێکردەوە، نوێنەرێکی وانەبێژانی راپەڕینیش دەڵێت، یەکشەممە دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری وانەبێژان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، "دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، تەواوی وانەبێژانیش دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان، بەتایبەت لە پەروەردەکانی رانیە و پشدەر، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ بایکۆت لەو ناوچانە هەبووە".
21ـی شوباتی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەوەی، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە" و لەمەودوا دەبێ راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت.
گەڕانەوەی وانەبێژان بۆ قوتابخانەکان لەکاتێکدایە، 13ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، زەنگی خوێندنی ساڵی 2023-2024 لێدرا، بەڵام مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتی دەوامیان کرد و بەهۆیەوە دەرگەی قوتابخانەکان لەکاتی خۆیدا نەکرانەوە.
رۆژی 19ـی ئەم مانگە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بایکۆت شکێندرا. هەفتەیەک پێشتریش زۆرینەی قوتابخانەکانی سلێمانی بەڕووی قوتابیاندا کرانەوە.
داوای سەرەکی مامۆستایانی ناڕازیی دوو خاڵە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندنیان دەکرد و دامەزراوانیش داوای پلەبەرزکردنەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکانی داون، بەو مەرجەی پڕۆژە یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
بۆ ئەوەی خوێندنی قوتابیان نەفەوتێت، رۆژی 08-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند و بە گوێرەی ساڵنامەکە، پێویست بوو 9ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بخایێنێت.
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و لە وەرزی دووەمی خوێندندان
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ نزیکەی 700 هەزار قوتابی لەو سنوورانە دەخوێنن کە تاوەکو بایکۆتیان تێدا بوو.