ئارێز عەبدوڵڵا: یەکێتی لەگەڵ ئەوەدا نییە بە یەکجاری کورسیی کۆتاکان نەمێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێت، نەیانزانیوە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بەو شێوەیە دەبێت بەرامبەر کورسی پێکهاتەکان و "رەنگە" بۆچوونی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان جیابووایە لە بڕیارەکە، بەڵام پێی قایلن.
قسەکانی ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ هەینی، 23ـی شوباتی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە وەکو چاودێرێکی سیاسیی باسی لە کاریگەری و هۆکاری بڕیارەکەی دادگە کرد.
لەسەر سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان، 21ـی شوباتی 2024، داگەی فیدراڵیی عێراق 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە و کورسییەکانی لە 111 کورسییەوە کەمکردەوە بۆ 100 کورسی. ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێت، "هەبوونی 11 کورسی پێکهاتەکان نادادپەروەرانە و نایاسایی بوو".
ئارێز عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، لە بنەڕەتدا کورسی کۆتا بۆ ئەو نەتەوانەیە نەتوانن کورسییەک بەدەستبهێنن و کورسییەکیان وەکو کۆتا بۆ دابنرێت. "نابێت 5 کورسی بۆ پێکهاتەیەک دابنرێت، چونکە بووە پێنج کورسی ئەوە کۆتا نییە".
بەگوتەی ئارێز عەبدوڵڵا، "ساڵانی رابردوو کۆتاکان کێشەیان لەنێو پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا دروستکردووە و لە بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان سیاسەتیان کردووە".
لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا کە رۆژەکەی دیاری نەکراوە و پێدەچێت حوزەیرانی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، پێکهاتەکان هیچ کورسییەکی کۆتایان نابێت. ئارێز عەبدوڵڵا گوتی، پێکهاتەکان دەتوانن لیستی تایبەت بە خۆیان هەبێت، یان هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە بکەن و بەربژێریان لەنێویاندا هەبێت، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
ئارێز عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد، پێشتر داوایان کردووە تورکمانەکانی کفری، هەولێر، دهۆک و کریستیانەکانی سلێمانیش نوێنەرایەتییان لە پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت، نەوەکو پێنج نوێنەری پێکهاتەیەک لە یەک ناوچەدا.
پەرلەمانی کوردستان سەرەتا 100 کورسی بوو، لە ساڵى 1992 بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى بەرەى کوردستانى پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان زیادکرا، دواتر لە هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ساڵى 2009 پێنج کورسی بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ ئەرمەنەکان زیادکرا.
ئارێز عەبدوڵڵا باسی لە هۆکاری بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بەرامبەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئێمە خۆمان بڕیارمانداوە دادگەی فیدراڵی بڕیار لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە بدات. پەرلەمانمان هەبوو، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و گۆڕان هەموویان داوایانکرد ئەو یاسایە [یاسای هەڵبژاردن] هەموار بکرێتەوە نەکرا، لایەنێک رێگەی نەدا، ئەوان رێگەیان نەدا، بۆیە یەکێتی چووە جێگەیەکی دیکە و سکاڵای تۆمار کرد".
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە فرە بازنەیی دەبێت. ئارێز عەبدوڵڵا گوتی، چوار بازنەیی لە بەرژەوەندیی خەڵکدایە و خەڵکی هەر پارێزگایەک نوێنەری سنوورەکەی خۆی دەنێرێتە پەرلەمان.
ئارێز عەبدوڵڵا بە پێویستی زانی، دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە و مافی نەتەوەکانی دیکە بپارێزێت، نەوەکو تەنیا لە پەرلەمان، بەڵکو لە دامودەزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش نوێنەریان هەبێت و لە هەر بازنەیەکدا تورکمان یان کریستیان یەک نوێنەریان هەبێت.
سەبارەت بە پێشبینی بۆ دەنگ و کورسی یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "یەکێتی پارتێکی گەورەیە و سیاسیەتی خۆی جیایە، بە دڵناییەوە ئەنجامێکی گرنگ و گەورە بەدەستدەهێنێت".
ئارێز عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنە کوردستانییەکان هۆکار بوون بڕیار بدرێتە دەستەی دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵبژاردن، چونکە نەیانتوانیوە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بەڕێوەببەن. گوتیشی، "خۆمان ماڵی خۆمان خراپکردووە و کەس لە دەرەوە نەهاتووە بڕیار لەسەر کوردستان بدات. رێککەوتنێکی نیشتمانی هەبێت و یەکدەنگ بین، نە دەوڵەتانی دەوروبەر و نە دادگەی فیدراڵیش ناتوانن سیاسەت و بەرنامەی خۆیان لەسەر ئێمە جێبەجێ بکەن".