نەخۆشیی 'تەبەق' لە هەفتەیەکدا 60 سەر مەڕی لە سنووری هەولێر لەنێو بردووە

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی هەفتەیەکە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی لەنێو مەڕوماڵاتی چەند ئاژەڵدارێک لە هەولێر بڵاوبووەتەوە و بە گوتەی خۆیان رۆژانە 4 بۆ 6 مەڕ و بەرخیان مردار دەبن.
 
سەمەد جەبار، یەکێکە لەو ئاژەڵدارانەی هەولێر و تائێستا 60 سەر بەرخ و مەڕی مردار بوون و بە رووداوی گوت: "بەخوا رۆژانە شەش بۆ هەشت سەر ئاژەڵ مردار دەبنەوە. شەوانەش چوار بۆ پێنج. بە زۆری شەوان دەمرن. ئێوارەکە دەکەینە ژوورەوە، شەو تەماشا دەکەین، پێنج شەشێک مرداربوونەتەوە. بەرخەکانیشمان گەورەن. هی مانگی حەوتن. ئێستا کاتی فرۆشتنیانە."
 
لە هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ یەکەم شوێنە نەخۆشیی تەبەق تێیدا تۆمار بکرێ، نەخۆشییەکە لە هەفتەی سەرەتای بڵاوبوونەوەیەتی، دوو ئاژەڵداری سنووری بەحرکە مەڕەکانیان تووشی نەخۆشییەکە بوون.
 
مام عوسمان، ئاژەڵدارێکی دیکەیە و لەبارەی نەخۆشییەکەوە دەڵێت: "بە رۆژ کێشەیان نییە. هەر کە چوونە ژوورەوە، بەیانیان پێ دەکوتن. کەف بەسەر دەمیان دەکەوێت. دەستبەجێ مردار دەبنەوە و فڕێیان دەدەین."
 
بۆ دڵنیابوونەوە لە نەخۆشییەکە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتەرنەری هەولێر لە رێگەی تێمێکی تەندروستی دەستیان بە وەرگرتنی نموونەی خوێن و لیکی مەڕ و بەرخی مرداربوو و نەخۆش کردووە، هەرچەند بەفەرمی نەخۆشییەکە رانەگیێندراوە، بەڵام تیمەکە دەڵێن، نەخۆشی ڤایرۆسی تەبەقەیە. 
 
هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەش بۆ وەرنەگرتنی ڤاکسینی تایبەت بەخۆشییەکە دەگەرێننەوە و بیلال عومەر، بەرپرسی بنکەی ڤێتەرنەری عەنکاوە بە رووداوی راگەیاند: "لە رووی نیشانەکانیانەوە، ئەم نەخۆشییە، نەخۆشیی تەبەقە لەنێو ئاژەڵاندا بڵاوبووەتەوە. مەترسی هەیە ئەگەر ئاژەڵەکان نەکوترابن. بەڵام ئەگەر کوترابن، هیچ کێشەیەکی نییە. بەرگریی لەشی ئاژەڵەکان نایەڵێت تووشی نەخۆشییەکە بن."
 
لە سەرەتای ئەم مانگە نەخۆشیی تەبەق لەنێو ئاژەڵانی خواروو نێوەراستی عێراق بڵاوبووەتەوە. بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق نزیکەی 700 ئاژەڵ مردار بوون.
 
بۆ رێگریکردن لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکەش وەزارەتی کشتوكاڵی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی ئاژەڵی لە خواروو و نێوەراستی عێراق راگرتووە و ژووری ئۆپەراسیۆنیشیان بۆ هەر دۆخێکی نەخوازراو پێکهێناوە.