وەزارەتی نەوتی عێراق: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت پرسیاری ئامادەیی بۆریمان لە تورکیا کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە قۆناخی یەکەمدا 185 هەزار بەرمیل وەردەگرن و دواتر قۆناخ بە قۆناخ دەیگەیێننە 400 هەزار بەرمیل.
ئەمڕۆ یەکشەممە، باسم محەممەد خوزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان رایگەیاند، دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، وەزارەتەکەی لە قۆناخی یەکەمدا رۆژانە نزیکەی 185 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، "بڕی نەوتەکە قۆناخ بە قۆناخ دەگاتە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
خوزەیر، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، "راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا کێشەی بۆ کێڵگە نەوتییەکان دروستکرد و پێویستی بە ماوەیەکە بۆ نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی، بە ئامانجی گەیشتن بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە کەمترین بڕی دیاریکراوە لە بودجەدا."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕی بەردەست بۆ هەناردەکردن لە هەرێم [ی کوردستان] ئێستا 300 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەشێکی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە، 185 هەزار بەرمیلی بۆ هەناردەکردن تەرخان دەکرێت."
ئاماژەی بەوەشدا، "لە ماوەی رابردوودا شاندێکی وەزارەتی نەوت سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. هەرێمی کوردستان ئاگاداری کردووینەتەوە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن."
گوتیشی: تیمە تەکنیکییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کار لەسەر پشکنینی بۆڕییەکانی هەناردەی نەوت دەکەن و دڵنیا دەبنەوە لە دۆخ و ئامادەییان بۆ دەستپێکردنەوەی پاڵنانی نەوت لە رێگەیانەوە.
هەروەها گوتی، "وەزارەتی نەوت داوای لە لایەنی تورکی کردووە بۆ پرسیارکردن لە ئامادەیی بۆریی تەرخانکراو بۆ هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە و چاوەڕێی وەڵام دەکەین لە 24 کاژێری داهاتوودا".
ئەوەشی خستەڕوو، "وەزارەتی نەوت پابەندە بە بەردەوامیی پرۆسەکانی هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، وەک بەشێک لە دیدێکی ستراتیژی بۆ پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا و پەیوەندیی بەردەوامیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لایەنی تورکی هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی هاوکاری و هەناردەکردن."
ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست."
دوێنێ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بوون. هەمان شەو، شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "پێویستە پێش دەستپێکردنی هەناردەکردنەوە، رێککەوتنێک لەسەر دیاریکردنی بڕێک نەوت بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بکرێت."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، "تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بەمەبەستی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولادا پێک هێنراوە."
لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
پێش راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەر ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوت "بە گوێرەی ئەو بڕەی کە بەردەستە" دەبێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و شاندەکەش پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دووپات دەکەنەوە کە پەرلەمانى عێراق، رۆژی 2ی شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد، هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
رۆژی 18ـی شوباتی 2025، هەموارى یاسای بودجەى گشتى عێراق لە رۆژنامەى وەقائعیى عێراقى بڵاوکرایەوە و بەوەش بەفەرمى کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.
هەموارەکەی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە. تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە ماوەی 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.