فوئاد حوسێن بۆ تۆم باراک: پێکهێنانی حکومەتی عێراق پرسێکی نێوخۆییە

 
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا کۆبووەوە و پێی رایگەیاند، پێکهێنانی حکومەتی نوێ پرسێکی نێوخۆییە لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.

ئەو کۆبوونەوەی نێوان دوو بەرپرسەکەی عێراق و ئەمریکا دووشەممە 23ی شوباتی 2026 لە بەغدا ئەنجام درا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە هەردوولا باسیان لە هاوئاهەنگیی هاوبەشیان کردووەتەوە سەبارەت بە پرسی بنەبڕکردنی تیرۆر.

تۆم باراک ستایشی ئەو "هەنگاوە گرنگانە"ی کردووە کە حکومەتی عێراقی گرتوویەتیەبەر لەبارەی گواستنەوەی داعشەکان بۆ گرتووخانەکانی عێراق، ستایشی رەزامەندیی تایبەتیشی کرد کە وەرگرتنی هەردوو ئەو داعشانەی لە وڵاتینامەی تێدایە.

زیاتر لە 5 هەزار چەکدارى داعش لە سووریاوە رەوانەی گرتووخانەکانی عێراق کراون بە مەبەستی دادگاییکردنیان.

بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، فوئاد حوسێن و تۆم باراک باسیان لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا کردووە بۆ راگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان و تێکەڵکردنی هێزەکان و یەکخستنی یەکە کارگێڕییەکان، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کردەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئەو ئاڵنگارییانە کراوە کە لەبەردەم بەربژێری سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماردان.

لەوبارەیەوە فوئاد حوسێن بە تۆم باراکی رایگەیاندووە، پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پرسێکی نێوخۆییە لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەمریکا وەک وڵاتێکی هاوپەیمان.