سەرچاوەیەک بۆ رووداو: شاندێکی وەزارەتی دارایی لیستی مووچە دەداتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێک بچێتە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی دوو و تەرازووی پێداچوونەوە لەگەڵ خۆی ببات و سبەی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقیان بکات بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکات. 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندەکە دەچێتە بەغدا و سبەی لیستی مووچەی مانگی دوو دەداتە وەزارەتی دارایی عێراق.

بەگوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، هەمان شاند تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی یەک لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات.

جگە لە ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نێوخۆ، مەرجی عێراق بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان مانگانە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشووە.

10ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بەڵام 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دینار لە کۆی تەمویلی مووچە نەنێردراوە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی راگەیێندراوی وەزارەتەکەی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، "رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچە بەپێی بڕگە یاساییەکان و لەسەر بنەمای خەرجیی 1/12ی ساڵانە کراوە، پارەکەش تەنیا بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە نێردراوە، کە ناویان لە لیستە پەسندکراوەکاندا هەیە."