پاشیڤی رووداو؛ ''درامای بیانی شوێنی بەرهەمە کوردییەکانی گرتووەتەوە''
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵقەی نوێی پاشیڤی رووداو بە بەشداریی ئەکتەرێکی دراما و شانۆ بەڕێوەچوو؛ هەروەها تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتیان بۆ پۆستەکانی رووداو کردووە و هاونیشتمانییەک بووە براوەی کاژێرێکی زیرەک.
محەممەد نەجات، ئەکتەری کوردی شانۆ و دراما لە (پاشیڤی رووداو)ی دووشەممە 23-02-2026ـدا بەشداربوو و لەلایەن سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکارانی بەرنامەکە پێشوازی لێکرا.
محەممەد نەجات لەدایکبووی ساڵی 1984 و خەڵکی کورانی هەولێرە کە تاوەکو ئێستا لە چەندین شانۆ، دراما و فیلمی کوردی رۆڵی گێڕاوە، لەوانەش ئەدیابین و بەزمی بەزم.
ئەو ئەکتەرە کوردە سەبارەت بە هونەری نواندن رایگەیاند: ''50٪ـی بەهرەیە و 50٪ـیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەکتەر دەبێ ئەکادیمی بێت و بە شێوەی زانستی هونەری نواندن بخوێنێت.''
محەممەد نەجات کە ساڵی 2003 چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان دەڵێت: ''بێگومان ئەو کات هەستم کرد بەهرەی نواندنم تێدایە و پێشتریش بەشداریی چەندین شانۆم کردبوو.''
''باشترین هونەر دڵخۆشکردنی خەڵکە''
ئەو ئەکتەرە کوردە پێیوایە باشترین هونەر ئەوەیە کە زەردەخەنە بخاتە سەر لێوی خەڵک و گوتی: ''کاتێک بەزمی بەزممان دەستپێکرد، لە جەرگەی شەڕی داعش و بێمووچەییدا بوو، سوپاس بۆ خودا بەشێکی زۆر لەو گرفتانەمان لەبیر خەڵک بردەوە. ئەوەش بێگومان بە خێر هەژمار دەکرێ.''
بەگوتەی محەممەد نەجات، بەراورد بە رابردوو بەرهەمهێنانی درامای کوردی کەمی کردووە، ''پێشتر لە مانگی رەمەزاندا، درامای زیاتر دروست دەکران، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نییە و تەرکیزی بینەریش زیاتر لەسەر درامای بیانییە.''
ئەو ئەکتەرە کوردە بە پێویستی دەزانێت زیاتر پەرە بە بەرهەمهێنانی درامای کوردی بدرێ، ''ئەگەر رێگە لە پەخشی دراما بیانییەکان بگیرێ کە بە دۆبلاژ دەکرێن، ئەوکات درامای زۆرمان دەبێ. بەڵام بەرهەمهێنەرەکانیش گرنگی بەوە نادەن، چونکە بە پارەیەکی کەم درامای بیانییان دەستدەکەوێت''.
محەممەد نەجات باس لە جیاوازیی نواندنی ئەکتەر لە درامای کۆمیدیا و تراژیدیا دەکات و دەڵێت: ''دوو جەمسەری نواندنن، بەڵام نواندنی رۆڵی تراژیدیا یان مەرگەسات بەراورد بە کۆمیدیا زۆر ئاسانترە.''
ئەو ئەکتەرە کوردە لەبارەی ''زەحمەتبوون''ـی نواندنی رۆڵی کۆمیدیا ئەوەشی خستەڕوو کە ''هێنانی زەردەخەنە بۆ سەر لێوی خەڵک زەحمەتە، بەڵام گریاندنیان کارێکی ئاسانە.''
دەستخۆشی لە کارەکانی رووداو
لە بەشێکی پاشیڤی رووداودا، سپۆنسەرانی بەرنامەکە کە بریتین لە کۆمپانیاکانی کیا ئایزۆن، یەنار، بەیار گۆڵد، ڤانا و سەفرە، لەلایەن سەمیرا کارزانەوە ناسێنران.
هاوکات بیلال بەکر، هاونیشتمانیی خەڵکی کەلار کە براوەی خەڵاتی ئەڵقەی پێشووی پاشیڤی رووداو بوو و لیرەیەکی زێڕی وەرگرت، پەیوەندی بە بەرنامەکەوە کرد و رایگەیاند: ''هەستێکی خۆشم هەبوو کە خەڵاتەکەم بۆ دەرچوو، دەستخۆشی لە کەناڵ و ستافی رووداو دەکەم. ئێوە هەمووکات لە لووتکەن و یەکەمن.''
بیلال بەکر کە وێڕای خوێندکاربوونی کاسبکاریشە دەڵێت، دوێنێ شەو نزیکەی 500 کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردووە و نووسیویەتی ''پاشیڤی رووداو''.
لە پاشیڤی رووداو کە کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی پێشکێش دەکرێ و تاوەکو کاژێر 03:00 بەردەوامە، خەڵات بەو کەسانە دەدرێ کە زۆرترین جار لە پۆستەکانی رووداو دەنووسن: "پاشیڤی رووداو".
لە کۆتایی ئەم ئەڵقەیەشدا لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتیان بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو و خەڵاتەکە کە کاژێرێکی زیرەک بوو، بۆ هاونیشتمانییەک دەرچوو کە ناوی لاپەڕەی فەیسبووکەکەی ''ئاوات مینا ئاوات مینا'' بوو.
جیا لەو خەڵاتانەی کە لە هەر ئەڵقەیەکدا دەبەخشرێن، لە کۆتایی بەرنامەکەدا بە تیروپشک سێ ئۆتۆمبێلیش دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە لە کۆمێنت دەنووسن پاشیڤی رووداو.