ژووری بازرگانیی هەولێر: ئەو بازرگانانەی حەواڵەیان راگیراوە، سەردانمان بکەن


رووداو دیجیتاڵ

ژووری بازرگانیی هەولێر داوای زانیارییەکانی بازرگانان دەکات و دەڵێت، لیژنەی دانوستاندنکاری حکومەت داوای لێکردوون.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئاگاداری کۆمپانیاکان دەکەینەوە، ئەوانەی کە حەواڵیان راوەستاوە و بەیاننامەی گومرگیان هەیە سەردانمان بکەن".
 
ژووری بازرگانی داوا لە کۆمپانیاکان دەکات سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بکەن و بەیاننامە گومرگیەکانتان لەگەڵ خۆتان بهێنن و بۆ ئەوەی بزانن چەند پارەی حەواڵەیان راوەستاوە.
 
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەو لیژنەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ بەغدا لەبارەی گومرگ دانوستاندن دەکات، داوای لێکردوون ئەو داتایەیان پێبدەن. ئەوانیش دەیانەوێت داتاکان لە کۆمپانیاکان وەربگرن.
 
گەیلان حاجی سەعید گوتیشی، کاتێک زانیارییەکانیان پێدەگات، ئەوانیش وەک ژووری بازرگانی نووسراوێک ئاراستەی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن تاوەکو ببێتە گوشارێکی دیکە بۆ چارەسەربوونی کێشەی بازرگانان.
 
بەهۆی جێبەجێنەکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان، ئاستەنگی بۆ بازرگانانی کورد دروستبووە و دۆلاریان بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بۆ حەواڵە ناکرێت.
 
زیاتر لە سێ ساڵە ئەسیکۆدا لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هێشتا هەولێر و بەغدا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەی جێبەجێکردنی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بەوهۆیەوە بازرگانانی کورد ناتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە لە چوارچێوەی سیستمەکە و بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی نانەوتی، حکومەتی عێراق پێناسی گومرگی بە رێژەی 5٪ بۆ 30٪ زیادکردووە.
 
زیادکردنی گومرگ کێشەی بازرگانانی کوردی قووڵتر کردووەتەوە و کێشەی بۆ بازرگانە عێراقییەکانیش دروستکردووە.
 
ئێستا نزیکەی 80 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەرەکانی عێراق ماونەتەوە کە زیاتر لە هەزاریان لە لایەن کۆمپانیا و بازرگانانی کوردەوە خاوەندارێتی دەکرێن.