شارەوانیی هەڵەبجە: بەشێک لە هاونیشتمانیان چاوەڕێی ئۆتۆمبێلی زبڵ ناکەن و ژینگە تێکدەدەن

رووداو دیجیتاڵ
 
لە گەڕەکی شارەوانیی پارێزگای هەڵەبجە، زەوییەکی چۆڵ بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک و دانیشتووانی گەڕەکەکەی بێزار کردووە؛ سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت، "هەندێک کەس پابەندی کاتی هاتنی ئۆتۆمبێلی خۆڵ نین."
 
بەپێی بەدواداچوونێکی رادیۆی رووداو، ئەو زەوییە چۆڵەی کەوتووەتە پشت بینای بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار و تەنیشت قوتابخانەیەک، بەهۆی فڕێدانی زبڵ و خاشاکێکی زۆرەوە بۆنێکی ناخۆشی لێ دێت و بووەتە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی قوتابیان و مامۆستایان.
 
ئەندازیار سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی ئێمە، بەڵام ئەم بابەتە تاوەکو رادەیەکی زۆر لەسەر ئاستی هۆشیاری و فەرهەنگی تاک خۆی وەستاوەتەوە."
 
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو رۆژ نا رۆژێک زبڵ کۆدەکەنەوە، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: "خەڵک هەیە تاقەتی نییە خولەکێک پابەندی کاتی هاتنی ئۆتۆمبێلەکە بێت، هەر شوێنێکی چۆڵ ببینن زبڵەکەی لێ فڕێ دەدەن."
 
ئەندازیار سەلام بیلال جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر هاونیشتمانیان هاوکار نەبن، پاراستنی ژینگە کارێکی ئەستەم دەبێت. وەک نموونەش باسی لەوە کرد کە چەندین شوێنی شارەکەیان پاک کردووەتەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم دووبارە زبڵیان تێدا فڕێ دراوەتەوە.
 
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بەڵێنی دا بەدواداچوونی خێرا بۆ ئەو شوێنە بکەن و گوتی: "بەیانی تیمەکانمان رادەسپێرین کە بچن ئەو ناوچەیە بەتەواوی پاک بکەنەوە."  داواشی لە هاونیشتمانیان کرد پاراستنی ژینگەی شارەکە تەنیا بە ئەرکی شارەوانی نەبینن و پێکەوە هاوکار بن.