لە کفری دەیان داری بە تەمەن دەبڕدرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری قەزای کفری چەندین داری تەڕ بڕاونەتەوە کە تەمەنی بەشێکیان زیاترە لە 20 ساڵ. سەرۆکی شارەوانیی قەزاکە دەڵێ، سکاڵای یاسایی لەسەر داربڕەکان تۆمار دەکەن.
 
چالاکڤانانی کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، دەڵێن، زیاتر لە 300 دار بڕاونەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن: "تەمەنیان زیاتر لە 20 ساڵە و سەرەتای ساڵانی 2000 وەکو پشتێنەیەک بۆ کفری روێندران".
 
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانیی کفری، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بەشێوەی مەیدانی سەردانی شوێنی بڕینەوەی دارەکان دەکەین و لەگەڵ پۆلیسی دارستان لێکۆڵینەوە دەستپێدەکەین".
 
لەبارەی ژمارەی دارەبڕاوەکان، سەرۆکی شارەوانیی کفری گوتی: "داری زۆر بڕاون، بەڵام مەرج نییە هەموویان پێکەوە بڕابن، پێشتریش لەو دارانە بڕاوە و هەمووی لەلایەن یەک کەسەوە نەبووە".
 
عەلی خورشید ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ وەک لایەنێکی حکومی سکاڵای یاسایی لەسەر داربڕەکان تۆماردەکەن. گوتیشی، لایەنی ئەمنی بەدواداچوونی ورد بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارانی رووداوەکە دەکەن.
 
بەگوێرەی مادەی 21 لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەنێوان سێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.