پارێزگای هەڵەبجە پلانی ''ئاگربڕ'' بۆ رێگری لە ئاگرکەوتنەوە رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی ناوچە شاخاوییەکان و رێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی پار، ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە پلانێک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی "ئاگربڕ" رادەگەیێنێت. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگاکەش دەڵێت، لەم هەفتەیەوە دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکەکە دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە هەڵەبجە کۆبوونەوەیەکی فراوانی بەرپرسانی پارێزگاکە بۆ داڕشتنی میکانیزمی نوێی رووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە نوێنەری سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان. ئەرکی ئەو لیژنەیە بەدواداچوونی مەیدانی و جێبەجێکردنی تەواوی رێوشوێنەکانی "ئاگربڕ" دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بەتایبەت لەو ناوچانەی مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیان زیاتر لەسەرە.
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەم هەفتەیەوە دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان و بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت. گژوگیای وشک لەسەر رێگە کۆنەکان لادەبرێت و رێگەکانیش نوێ دەکرێنەوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانە پلانی هاوشێوە دادەنرێت، بەڵام ساڵی رابردوو ئەو پلانە جێبەجێ نەکراوە.
لەبارەی وردەکاری پلانەکەی ئەم ساڵ، زانیار عومەر گوتی، "رێگەی قەدبڕ بە نێو زەوییە کشتوکاڵییەکاندا لێدەدرێت، بۆ ئەوەی لە ئەگەری روودانی ئاگرکەوتنەوە، رێگری لە تەشەنەسەندنی بگیرێت و دانەوێڵەی جووتیاران پارێزراو بێت."
هاوینی ساڵی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی "کۆکۆیی" سنووری پارێزگاکە کەوتەوە و بووە هۆی سووتانی 5,000 دۆنم دارستان و پاوان. ئەو رووداوە تەنیا زیانی ژینگەیی نەبوو، بەڵکو بەهۆیەوە دوو کەس کە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، گیانیان لەدەستدا.