خاچی سووری نێودەوڵەتی: پاڵپشتییەکانمان بۆ سەنتەری چاکسازیی هەولێر رادەگرین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق دەڵێت، بەهۆی قەیرانی دارایی رێکخراوەکەیانەوە، بڕیار دراوە کۆتایی بە پاڵپشتییەکانیان بۆ سەنتەری چاکسازیی جەستەیی لە هەولێر بهێنن و بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە رادەستی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەکرێت. 
 
هیبە عەدنان رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەو سنووردارییە داراییانەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە ئاستی جیهان رووبەڕووی بووەتەوە، بڕیارێکی ناخۆش دراوە بۆ کۆتاییهێنان بە پاڵپشتییەکانی خاچی سوور بۆ سەنتەری هەولێر." 
 
گوتەبێژی خاچی سوور ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە رادەستی دەسەڵاتە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، "بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ کەمئەندامان رانەگیرێن و ستافە راهێنراوەکان بەردەوامبن لە کارەکانیان."
 
خزمەتگوزارییەکان تەنیا بۆ قوربانییانی جەنگ نین
 
سەنتەری ئێستای چاکسازیی جەستەیی لە هەولێر، کە لە ساڵی 2022 لەسەر ئەرکی خاچی سوور و بەپێی یاداشتنامەیەک لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی دروستکراوە، خزمەتگوزارییەکانی تەنیا بۆ قوربانیانی جەنگ نییە.
 
هیبە عەدنان دەڵێت: "سەنتەرەکە خزمەتگوزاری پێشکێشی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە کەمئەندامی جەستەیین، بێ گوێدانە ئەوەی هۆکاری کەمئەندامییەکەیان جەنگ بووە یان هەر رووداوێکی دیکە." دەشڵێت، "جگە لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، ئاوارە، پەنابەر و تەنانەت خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش کە لە ناوچەکانی خۆیان خزمەتگوزاریی پزیشکییان دەستناکەوێت، سوود لە سەنتەرەکە وەردەگرن."
 
زۆرینەی سوودمەندان منداڵن
 
بەپێی ئەو ئامارانەی گوتەبێژی خاچی سوور بۆ رووداوی خستەڕوو، لە ساڵی 2025دا پێنج هەزار و 772 کەس خزمەتگوزارییان لە سەنتەرەکە وەرگرتووە. خزمەتگوزارییەکانیش بەم شێوەیە بوون:
 
دابینکردنی 404 پەلی دەستکرد.
دابینکردنی 2,605 ئامێری پشتگیریی جەستەیی
دابینکردنی 319 کورسیی کەسانی کەمئەندام
 
سەبارەت بە رەگەز و تەمەنی سوودمەندان، هیبە عەدنان گوتی: "69%ـی سوودمەندان لە رەگەزی نێر و 31%یان لە رەگەزی مێ بوون. ئەوەی جێگەی سەرنجە، 54%ـی سوودمەندانی ساڵی رابردوو منداڵ بوون."
 
ماوەی چاوەڕوانی و جۆری خزمەتگوزارییەکان
 
لەبارەی ئەو کاتەی نەخۆش پێویستیەتی بۆ وەرگرتنی چارەسەر، گوتەبێژی خاچی سوور روونیکردەوە کە تێکڕای ماوەی چاوەڕوانی تاوەکو قۆناخی پێوانەکردن نزیکەی سێ مانگ دەخایێنێت، بەڵام دوای ئەوە قۆناخەکانی دیکەی دروستکردنی پەلەکان لە کەمتر لە مانگێکدا تەواو دەبن.
 
لە سەنتەرەکەدا، پەلی دەستکرد و ئامێرە یاریدەدەرەکان لە مادەی "پۆلی پرۆپیلین" و بە رەنگی نزیک لە پێستی مرۆڤ دروست دەکرێن. جگە لەوەش، چارەسەری خواریی پێیەکان، چارەسەری سرووشتی و خولی راهێنان بۆ کەسوکاری ئەو منداڵانەی تووشی ئیفلیجی مێشک بوون، دابین دەکرێت.
 
سەنتەرەکە جگە لە لایەنە پزیشکییەکە، وەک ناوەندێکی زانستی و پەروەردەییش کار دەکات و بووەتە شوێنی راهێنانی کلینیکی بۆ خوێندکارانی بەشەکانی چارەسەری سروشتی و پەلی دەستکرد لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی پزیشکیی هەولێر.