کەشناسیی هەرێمی کوردستان: سبەی باران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی شەپۆلێکی بارانبارین شارە جیاوازەکان دەگرێتەوە. کەشناسێک پێشبینی دەکات، 26ی مانگ "شەپۆلێکی بەفر و باران"ی نوێ هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە سنوورییەکان ئەگەری "کەمێک نمەباران هەیە."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "سبەی ئاسمان هەوری تەواو دەبێ لەگەڵ نمەباران و کەمێک بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، دوای نیوەرۆ تاوەکو ئێوارە کاریگەری ناسەقامگیری کەش چالاکتر دەبێ و بارین کەمێک زیاتر دەبێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی لە ئێوارە بەدواوە "هەندێک کات تاوەباران و برووسکە دەبێت، بەتایبەت لە سنووری ناوچەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەرین و سۆران، لەگەڵ کەمێک چالاکبوونی خێرایی با و نزمبوونەوەی پلەی گەرما. بۆ کاتەکانی شەو کەش سەقامگیر دەبێتەوە."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی بارانبارین هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە، بەڵام بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، لە سەنتەری هەولێر و دهۆک لاواز دەبێ و لە دەوروبەریان بارانی باش دەبارێت."
ئەو کەشناسە پێشبینیی کرد، "سبەی شەپۆلەکە کۆتایی بێ و چوارشەممە کەش سەقامگیر دەبێ، بەڵام پێنجشەممە 26ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی گشتگیری باران و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ سێ پلە نزم دەبێتەوە و بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 17 پلەی سیلیزی
پیرمام؛ 15 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 14 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 10 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 15 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ؛ 20 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 21 پلەی سیلیزی