عەلی حەمە ساڵح: سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سلێمانی دوو کاری نایاسایی کردووە


رووداو هەولێر

گۆڕینی شوێنی کۆمەڵگەیەکی وەرزشی بۆ نیشتەجێبوون لە ماستەر پلانی سلێمانی لەلایەن سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سلێمانییەوە رەخنەی تووندی لێدەگیرێت. عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سلێمانی دوو کاری نایاسایی کردووە. سەرۆکی پێشووی شارەوانیش دەڵێت: "یاریگەیەکی دیکە دروستکراوە؛ بۆیە بڕیاری گۆڕینی ئەو شوێنە دەرکراوە".
 
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نووسراوێکی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا داوای گۆڕینی شوێنی کۆمەڵگەیەکی وەرزشی بۆ نیشتەجێبوون لە ماستەر پلانی سلێمانی کردووە. لەو بارەوە عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان دەڵێت، لە رێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو نووسراوە رادەگرن، چونکە سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سلێمانی لەکاتێکدا ئەو نووسراوەی کردووە کە لە لایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لە پۆستەکەی لادراوە و براوەتە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی ئاداری 2022، عەلی حەمە ساڵح بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو زەوییە لە ماستەرپلانی سلێمانی تایبەتکراوە بە کۆمەڵگەی وەرزشی، لە دەسەڵاتی شارەوانی نییە ئەو کارە بکات، چونکە ئەوە ماستەر پلانە و دانراوە؛ نووسراوەکەم بۆ داواکاری گشتی، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ناردووە، چاوەڕوانین پشووی نەورۆز تەواو بێت و لە رێگەی داواکارەوە ئەو نووسراوە رابگرین".
 
لە بەرامبەردا، توانا کەمال، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سلێمانی روونکردنەوەی لەبارەی نووسراوەکەی دا و بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کارە لە چوارچێوەی کاری شارەوانیدایە؛ ئەوە لە دەسەڵاتی سەرۆکی شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانیدایە".
 
لە سلێمانی یاریگەیەکی دیکەی وەرزشی، بە گوتەی سەرۆکی پێشووی شارەوانی، بە ستانداردی جیهانی خەریکە تەواو دەبێت؛ لەو بارەوە توانا کەمال گوتی: "لە ماستەرپلانی سلێمانی ئەو شوێنە دانراوە بۆ یاریگەیەکی وەرزشی، بەڵام لە شوێنێکی دیکەی سلێمانی یاریگەی نێودەوڵەتی دروستکراوە و بەرەو تەواوبوون دەڕوات؛ تەنانەت ئێمە چەند سەرەنجێکمان لەبارەیەوە هەبوو کە بە گوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی بێت و رووبەری گەورە بکەین، تێبینییەکان کاریان لەسەر کرا و رێکاریش بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی بە یاریگەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی هەژمار بکرێت".
 
توانا کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەموو وڵاتێک، یەک یان دوو یاریگەی نێودەوڵەتی دروستدەکرێت، سلێمانی وەک شارێک کە یاریگەیەکی نێودەوڵەتیی گەورە و فراوانی تێدا دروست دەکرێت، پێویست ناکات چەند کیلۆمەترێک دوورتر یاریگەیەکی دیکە دروستبکرێت، بۆیە بە گونجاومان زانی لە بری ئەوەی ئەو شوێنە بکرێتە یاریگەیەکی وەرزشی، بکرێتە نیشتەجێبوون بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرێت". 
 
لەبارەی نووسراوەکەیەوە، توانا کەمال گوتی، "ئەوە تەنیا رێکارێکە دەرکراوە و تاوەکو ئیستا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەگیراوەتەبەر، دەبێت ئاراستەی چەندین لایەنی پەیوەندیدار بکرێت و لە راگەیاندن بڵاوبکرێتەوە؛ هەر کات رەخنەی لەسەر نەبوو ئەو کاتە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
عەلی حەمە ساڵح، نووسراوێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا باس لە گۆڕینی پۆستی توانا کەمال، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سلێمانی دەکات بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و لەو بارەوە دەڵێت،"ئەم بابەتە گرفتی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێت وەڵامێک هەبێت کە ئەو بەڕێزە چۆن پۆستەکەی ئاڵوگۆڕی پێکراوە و نووسراوێکی لەو شێوەیەی دەرکردووە". 
 
بەڵام توانا کەمال رەتیدەکاتەوە، ئەو نووسراوەی لەکاتێكدا دەرکردبێت کە لە پۆستەکەی دەستی لەکار کیشابێتەوە و دەڵێت، "من لە 10ی شوبات دەستم لەکارکێشایەوە و نووسراوەکە پێشتر کراوە و وابزانم شەش یان چواری مانگ کراوە".
 
سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی گۆڕدراوە و ئێستا لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانییە. سەرچاوەیەک لە شارەوانیی سلێمانیش لەبارەی نووسراوکە و گۆڕینی کۆمەڵگە وەرزشییەکە بۆ نیشتەجێبوون بە رووداوی گوت، "بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو بابەتە نین، رەنگە بەمزووانە، لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی روونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بڵاوبکاتەوە." بەڵام توانا کەمال لە بەرامبەردا دەڵێت، "ئەوە نووسراوی فەرمییە و لە شارەوانی دەرکراوە، ئەو کەسانەی ئاگادار نین، بەدڵنیاییەوە کەسانی نوێن لە شارەوانی". 
 
عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، "لەیلا عومەر، سەرۆکی نوێی شارەوانیی سلێمانی، ئێستا دەتوانێت بە نووسراوێک ئەو کارە رابگرێت و هەڵیبووەشێنێتەوە."