چەند بڕیارێکی نوێ لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ مانگی رەمەزان: هەر وانەیەک 30 خولەک دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێی بۆ مانگی رەمەزان لەبارەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە کە ماوەی خوێندنی هەر وانەیەک لەو مانگەدا 30 خولەک دەبێت.
ئەمڕۆ 13یەمین رۆژی رەمەزانە. وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، "لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن، وێڕای پیرۆزبایی ئەم مانگە پیرۆزە لە پەروەردەکاران و مامۆستایان و قوتابییان، لەسەر فەرمانی وەزیری پەروەردە، بڕیاردرا کە لە مانگی رەمەزاندا ئاسانکاری لە دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بکرێت."
بەپێی وەزارەتی پەروەردە، ئاسانکارییەکان لە مانگی رەمەزاندا بەم شێوەیە دەبن:
1- هەر وانەیەک تەنها 30 خولەک دەبێت.
2- بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ئاسانکاریی تەواو بکەن بۆ مامۆستایان، بەتایبەت مامۆستایانی ئافرەت.
3- قوتابخانەکانی ئێواران (مسائي) بە هەمان شێواز 10 خولەک لە هەر وانەیەک کەم دەبێتەوە و دەسەڵاتی رێکخستنی دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی ئێواران لە مانگی رەمەزاندا دەدرێتە بەڕێوەبەری ناوەندەکە.