تورکیا هێرشەکەی سەر مۆسکۆی سەرکۆنە کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هۆڵی کۆنسێرتی کرۆکۆس سیتی لە مۆسکۆ دەکات و بە "هێرشێکی تیرۆریستی قێزەون" ناوی دەبات. 
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێرشە چەکدارییەکەی سەر هۆڵی کۆنسێرتی کرۆکۆس سیتی لە مۆسکۆ دەربڕی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە داخەوە، هەواڵی هێرشکردنە سەر هۆڵێکی کۆنسێرتمان لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر کەس، پێگەیشت. بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییە قێزەونەکە دەکەین کە خەڵکی سڤیلی بێتاوانی کردووەتە ئامانج. پرسە و نیگەرانی قووڵمان بە حکومەت و گەلی رووسیا رادەگەیێنین".
 
هاوکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە تەلەفۆن قسەی کرد و وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، بەناوی سەرۆک، حکومەت و خەڵکی تورکیاوە سەرەخۆشی لە حکومەت و گەلی رووسیا کرد. 
 
شەوی رابردوو ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا بڵاویکردەوە، لە هێرشێکدا بۆ سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، لانیکەم 60 کەس کوژراون و 145ـی دیکەش بریندار بوون کە برینی 60 کەسیان سەختە.
 
رێکخراوی داعش لە گرووپی تێلێگرامی خۆی بەرپرسیارییەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکان، لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بزانێت هێرشەکە لە لایەن کێ و چۆن ئەنجام دراوە.