لە 25 بەنداوی هەرێمی كوردستان 20یان سەرڕێژ بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێ، لە 25 بەنداوی هەرێمی كوردستان 20یان سەرڕێژ بوون و ئەوانی دیكەش ئاوێكی باشیان تێدا كۆكراوەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێستا زیاتر لە 5 ملیار مەترسێجا ئاوی کۆگاکراومان هەیە."
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە كۆی 25 بەنداوی گەورە وبچووكی هەرێمی كوردستان 20 بەنداویان سەرڕێژ بوون و ئەوانی دیكەش ئاوێكی باشیان تێدا كۆكراوەتەوە.
خانی گوتیشی، "پێنج بەنداوەكەی دیكە كە بەنداوی گەورە و مامناوەندن بریتین لە بەنداوی دووكان کە زیاتر لە سێ ملیار مەترسێجا ئاوی تێدایە، بەنداوی دەربەندیخان زیاتر لە 2 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدایە، بەنداوی دهۆك زیاتر لە 30 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە. هەریەک لە بەنداوەكانی بەستۆرە و گۆمەسپانیش زیاتر لە 16 ملیۆن مەترسێجاو ئاویان تێدایە."
بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان رەتیکردەوە بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ بووبێت، هۆكاری بەردانەوەی بەشێكی زیاتر لە ئاوەكەشی بۆ هەندێ هۆكاری تەکنیکی تایبەت بە بەنداوەكە گەڕاندەوە.
لەبارەی بەنداوی دووكانیش، كە گەورەترین بەنداوی هەرێمی كوردستانە، رەحمان خانی ئاماژەی بەوەدا، لەسەرەتای ئەم وەرزەی بارانبارینەوە زیاتر لە 18مەتر ئاستی ئاوەكەی بەرزبووەتەوە.